عیماد ئەحمەد: سەرژمێری پەیوەستە بەپرسی كوردو خاك و نەتەوەوە

کوردستان
17:25 - 2024-11-17


عیماد ئەحمەد لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندن و هوشیاری لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا لەبارەی گرنگیی پڕۆسەی سەرژمێری و بەشداری كوردو كاریگەریی لەسەر داهاتووی پڕۆسەی سیاسی لە عیراق رایگەیاند: "پڕۆسەی سەرژمێری گشتی بۆ عیراق گرنگە بە تایبەت لەم قۆناغەدا بۆ كورد چارەنووسسازە بۆیە ئەركی هەمووانە بە گڕوتینی كوردانەمانەوە بەشداری بكەین و سەریبخەین تا بتوانین پێگەی كورد بەهێزتر بكەین و هاوسەنگی هێز لەعیراق بە شێوەیەك رێكبخەینەوە كە لەبەرژەوەندی هەرێمەكەمان و پاراستنی مافەكانماندا بێت".

سەرژمێری پەیوەستە بەپرسی كوردو خاك و نەتەوەوە 

عیماد ئەحمەد لەدرێژەی لێدوانەكەیدا وتیشی: "ئەم پرسە لەناوچە دابڕێندراوەكانمان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بۆ كورد زۆر گرنگترە چونكە، پەیوەستە بەپرسی كوردو خاك و نەتەوەوە بۆیە لەپێناو ئایندەی كوردبوونمان لەو سنورانە ئەركمانە پەرۆشانە بەشداری تێدابكەین و سەنگی كورد بە سەربەرزییەوە دەربخەین، چونكە ئەم هەنگاوە پشتیوانێكی باش دەبێت بۆ پاراستنی ناسنامەكانمان و كوردستانی بوونمان و رێگركردن لەو بیرە شۆڤێنییانەی مەرامیانە  ئارامی و پێكەوەژیان بخەنە مەترسییەوە لەورووە داوای لەهەموو ئەو كەسانەش كرد كەنیشتەجێی پارێزگاكانی هەرێمن و خەڵكی  ناوچە دابڕێندراوەكانن ئەم چەند رۆژە بگەڕێنەوە خاكی باوباپیرانیان و بەشداری سەرژمێری بكەن و بوونی خۆیان بسەلمێن لەپێناو پارێزگاری كردن لەكوردستانی بوونی ناوچەكانمان و بەهێزتركردنی پێگەی كورد،  چونكە دڵنیاین تا دەنگی كورد دلێر ترو بەهێزتربێت ئارامی و ئاسایش زیاتر لەو سنورانە پارێزراوتر دەبێت  و ئەو كەلتووری برایەتی و پێكەوەژیانەشی كەلەنێوان هەموو نەتەوەو  پێكهاتەكاندا هەیە پارێزراوتر دەبێت.

پرسی سەرژمێری، شەڕی دیموكراسیانەمانە بۆ پاراستنی خاك و زمانەكەمان
عیماد ئەحمەد زیاتر لەسەر ئەم پرسە دواو روونشیكردەوە: "پرسی سەرژمێری پەیوەست نییە بەهیج حزب و لایەنێكەوە بەڵكو بۆ ئێمەی كورد بابەتێكی نەتەوەیی و نیشتمانیی و شەڕی دیموكراسیانەمانە لەپێناو پاراستنی خاك و زمانەكەمان بۆیە داوا دەكەین لەهەموو لایەنە كوردستانییەكان بە یەكگرتووی كاربكەن بۆ سەرخستنی ئەم پرسە  بەویستی گەلەكەمان".

بڕ‌یاره‌ رۆژانی 20 و 21ی 11ی 2024، سه‌رژمێری گشتی له‌ عیراق و هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام بدرێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش 120 هه‌زار سه‌رژمێركار له‌عیراق و هه‌رێمی كوردستان به‌شدار ده‌بن له‌ سه‌رژمێری گشتیی دانیشتوان و وه‌ڵامی زیاتر له‌ 70 پرسیار له‌و خێزانانه‌ وه‌رده‌گرن كه‌سه‌ردانیان ده‌كه‌ن.  

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP