شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی
كوردستان رایدەگەیەنێت: "خەڵكی كوردستان دڵنیا دەكەینەوە هێزی پێشمەرگه لەئامادەباشی
تەواودایە بۆ پاراستنی خەڵك و خاك و لەناوبردنی تیرۆرو گیانفیدایانە سازو ئامادەیە
بۆ تێكشكاندنی تیرۆریستان لە كێوماڵكردنی ئەو ناوچانە بە هاوكاری سووپای عیراق بەردەوام
دەبێت".
لەڕاگەیەندراوێكی شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی
حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر رووداوە تیرۆرستیەكەی ئەمڕۆی پەلكانە، راگەیەندراوە:
"بەداخ و خەمێكی زۆرەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ناوچەی دووزخورماتوو لە كاتی كێوماڵكردنی
مۆڵگەكانی تیرۆریستاندا، بۆمبێكی چێنراو بە ئۆتۆمبێلێكی سەربازی فەوجی ٣ی لیوای ١ی
هاوبەشی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و سووپای عیراقدا تەقییەوە. كە بەداخەوە عەقید
روكن سامان سابر سلێمان، فەرماندەی فەوجی سێ و عقید ئەندازیار محەمەد رەزا كەریم ئەفسەری
ئەندازەی فیرقەی ٩ی سووپای عیراق و ن.ڤ شەریف ئەحمەد محەمەد، لەو رووداوە تیرۆریستییەدا
شەهیدبوون".
لەڕاگەیەندراوەكەدا ئەوەش هاتووە: "پرسە و
سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی خانەوادەی سەربەرزیان و هاوڕێ و هاوسەنگەرانیان دەكەین. لە
پەروەردگاری میهرەبان داواكارین، گیانیان بە میهرەبانی و بەزەیی خۆیی شادبكات و سەبووری
و دڵئارامیش ببەخشێت بە خانەوادە و هاوسەنگەران و ئێمە و هەموو كوردستانیان. هەروەها
هیوایی زوو چاكبوونەوە و تەندروست باشی بۆ بریندارانیش دەخوازین".
ئاماژە بەوەشدراوە:
"خەڵكی كوردستان دڵنیا دەكەینەوە هێزی پێشمەرگه لەئامادەباشی تەواودایە بۆ
پاراستنی خەڵك و خاكی كوردستان و لەناوبردنی تیرۆر و تیرۆریستان، جمجوڵ و مەترسییەكانی
گرووپی تیرۆریستی داعش و تاریكپەرستان هێشتا كۆتایی نەهاتووە، بە تایبەت لەو ناوچانەی
كە بۆشایی ئەمنین لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سووپای عیراقدا".
ئەوەش خراوەتەڕوو:
"هێزی پێشمەرگەی كوردستان گیانفیدایانە ساز و ئامادەیە بۆ تێكشكاندنی تیرۆریستان
و لە كێوماڵكردنی ئەو ناوچانە بە هاوكاری سووپای عیراق بەردەوام دەبێت".
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP