یه‌كێتی وه‌ڵامی هه‌ڵمه‌تی چه‌واشه‌كارییه‌كان سه‌باره‌ت به‌ گردی مامه‌ یاره‌ ده‌داته‌وه‌

کوردستان
12:51 - 2024-11-23

  بەشی بەدواداچوون و چاودێری بۆردی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، وه‌ڵامی ئه‌و هەڵمەته‌ چەواشەكارانە فراوانه‌ی میدیای بەناو سێبەری پارتی و هاوئاوازەكانیان سه‌باره‌ت به‌ گردی مامه‌یاره‌ ده‌داته‌وه‌و رایگه‌یاندووه‌:" خەمی گردی مامە یارەتان نەبێت و گردەكە لە دەستێكی ئەمین دایە، بڕۆن خەمێك لە گردەكانی هەولێر تا دەگاتە سەلاحەدین بخۆن كە لەو دەیان گردە مێژووییانە تاكە گردێك نەماوە داگیر نەكرابێت، خەمێكی گردە گرنگ و مێژووییەكانی رەواندز و سۆرانی مەملەكەتی پاشای گەورە بخۆن، كە هەموو گردەكان بەناوی كەرتی تایبەتەوە بۆ لایەنێكی سیاسی پاوانكراون.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:
 لە رۆژانی رابردوودا، كە یادی ساڵرۆژی بنیادنانی شاری سلێمانی بوو، میدیای بەناو سێبەری پارتی و هاوئاوازەكانیان وەك پیشەی هەمیشەییان و بۆ مەرامی ناشرینكردنی شاری سلێمانی، هەڵمەتێكی چەواشەكارانەی فراوانیان دەستپێكرد، گوایە گردی مامەیارەی شاری سلێمانی دەكرێتە پرۆژەیەكی نیشتەجێبوون، بۆ ئەو مەرامە (59) هەواڵی چەواشەكاری لە (59) سەرچاوەی میدیایی بڵاوكراونەتەوە.

لەبەرامبەر ئەو چەواشەكارییانەدا دەڵێین: خەمی گردی مامە یارەتان نەبێت و گردەكە لە دەستێكی ئەمین دایە، بڕۆن خەمێك لە گردەكانی هەولێر تا دەگاتە سەلاحەدین بخۆن كە لەو دەیان گردە مێژووییانە تاكە گردێك نەماوە داگیر نەكرابێت، خەمێكی گردە گرنگ و مێژووییەكانی رەواندز و سۆرانی مەملەكەتی پاشای گەورە بخۆن، كە هەموو گردەكان بەناوی كەرتی تایبەتەوە بۆ لایەنێكی سیاسی پاوانكراون، بڕۆن خەمێك لە گردەكانی زاخۆ و شاری ئاكرێ‌ بخۆن، كە دەیان گردی گرنگ و مێژوویی لەو دوو شارە داگیركراون، بڕۆن خەمی شاخەكانی ئەو دەڤەرە بخۆن، چونكە جگە لە گردەكان دەستیان بەسەر شاخە گرنگ و ستراتیژییەكاندا گرتووە، سەیركەن شاخی كۆڕەك لەلایەن كێوە پاوانكراوە و كراوەتە سەرچاوەیەكی دارایی، سەیری شاخی زاوای شاری دهۆك بكەن و بزانن چ لایەنێك بە ناوی كەرتی تایبەتەوە دەستی بەسەر شاخەكەدا گرتووە و وەكو سەرچاوەیەكی گرنگی دارایی بۆ خۆیان بەكاری دێنن لەگەڵ چەندان گرد و زنجیرە شاخی دیكەی شار و شارۆچكەكانی كوردستان.

لەكۆتاییدا دەڵێین ئێوە راستگۆ نین بەرامبەر خەڵكی كوردستان و خەمی گرد و شاخەكانی كوردستانتان نییە و  تەنها دەتانەوێ‌ رق و كینەی خۆتان بەرامبەر شاری هەڵمەت و قوربانی داڕێژن، بۆیە لە بەرامبەر ئەو (59) هەواڵە ناڕاست و چەواشەكارییانەتان (59) جار پێتان دەڵێین ناڕاستیتان فەرموو.

بەشی بەدواداچوون و چاودێری بۆردی راگەیاندنی یەكێتی

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP