سوپای ئیسرائیل ڕونكردنەوە لەبارەی كوژرانی بارمتەیەكی وڵاتەكەی لە غەززە دەدات

جیهان
10:03 - 2024-11-24


دوای ئەوەی هێزەكانی بزوتنەوە حەماس، كوژرانی بارمتەیەكی ئیسرائیلیان لەكەرتی غەززە ڕاگەیاند، سوپای ئیسرائیل هەواڵەكەی پشتڕاستكردەوە و دەڵێت، "لە پەیوەندیداین لەگەڵ بنەماڵەکەی و هەمو ئەو زانیاریانەی لەبەردەستماندایە پێیان دەدەین".
سوپای ئیسرائیل، ئەمشەو لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، "ئێمە هەواڵی كوژرانی بارمتەیەكی وڵاتەكەمان لە غەززە پشتڕاست دەكەینەوە و نوێنەرانی سوپا لە پەیوەندیدان لەگەڵ بنەماڵەکەی و هەمو ئەو زانیاریانەی لەبەردەستماندایە پێیان دەدەین".
ئاماژەی بەوەشكردووە، "حەماس بەردەوامە لە بەکارهێنانی تیرۆری دەرونی و بە شێوەیەکی دڕندانە مامەڵە دەکات".
ئەوەش لەكاتێكدایە ئەبو عوبەیدە، وتەبێژی سەربازی لیواکانی قەسام دوێنێ شەممە ڕاگەیاند، "چەند هەفتەیەک پەیوەندیان لەگەڵ ئەو موجاهیدانەدا پچڕابوو کە ئەرکی پاراستنی دیلەکانی دوژمنیان پێ سپێردراوە، دوای گەڕانەوەی پەیوەندی دەرکەوت کە ژنێکی زیندانی کوژراوە".
ئاماژەی بەوەشكردووە، "ئەو ژنە لە ناوچەیەکی بەرکەوتەی هێرشەكانی ئیسرائیل لە باکوری کەرتی غەززە كوژراوە، هەروەها ژیانی زیندانییەکی دیکەش کە لەگەڵیدابوە هێشتا لە مەترسیدایە".


بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP