سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار ئه‌ندامێكی‌ لیوای‌ سه‌رۆكایه‌تیی سزادا

عێراق
20:14 - 2024-11-26



سه‌رۆكایه‌تی كۆمار رایده‌گه‌یه‌نێت، ‌ئه‌و ئه‌ندامه‌ی‌ لیوای‌ سه‌رۆكایه‌تیی سزاداوه‌‌ كه‌ ئه‌ركه‌ وه‌زیفییه‌كه‌ی‌ بۆ ئیبتیزازكردنی‌ هاووڵاتییان قۆستبووه‌وه‌، جه‌ختشده‌كاته‌وه‌: "هه‌موو رێوشوێنێكی یاسایی له‌ دژی ئه‌و ئه‌ندامه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی ده‌گرنه‌به‌ر".

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ ئه‌مڕۆ 26ی تشرینی دووه‌می 2024 بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، سه‌رۆكایه‌تی‌ كۆمار ئاماژه‌ی‌ بۆئه‌وه‌كردووه‌ كه‌:"له‌چوارچێوه‌ی په‌رۆشیی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار بۆ بنه‌مای شه‌فافییه‌ت و ئاگاداركردنه‌وه‌ی رای گشتی له‌ راستییه‌كان، ده‌مانه‌وێت ئه‌وه‌ ڕوون بكه‌ینه‌وه‌، یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی لیوای سه‌رۆكایه‌تی، كه‌ بۆ كاركردن له‌ سه‌رۆكایه‌تی كۆمار راسپێردرابو، ئه‌ركه‌ وه‌زیفییه‌كه‌ی قۆستۆته‌وه‌ له‌پێناو هه‌وڵدان بۆ ئه‌نجامدانی حاڵه‌تی ئیبتیزاز له‌ڕێگه‌ی په‌یوه‌ندیكردن له‌گه‌ڵ هاووڵاتیان و به‌كارهێنانی ناوی لێپرسراوان له‌ دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌ تایبه‌ته‌كانی خۆی، گوایه‌ توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ده‌توانێت كاریگه‌ری له‌سه‌ر ده‌ركردنی بڕیاره‌كان هه‌بێت".

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌:"ده‌مانه‌وێت به‌ ته‌واوی جه‌خت له‌وه‌ بكه‌ینه‌وه‌، كه‌ سه‌رجه‌م هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی ئه‌و كه‌سه‌، تاكه‌كه‌سی و شه‌خسی بون و هیچ توانایه‌كی نه‌بووه‌ بۆ دروستكردنی كاریگه‌ری له‌سه‌ر ده‌ركردنی هیچ بڕیارێكی په‌یوه‌ست به‌ كاری سه‌رۆكایه‌تی كۆمار".

روونشیكردووه‌ته‌وه‌ كه‌: "سه‌رۆك كۆمار-یش هه‌ر كه‌ ئاگاداركرایه‌وه‌ له‌ بابه‌ته‌كه‌، فه‌رمانی دا به‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سه‌ و ده‌ستبه‌جێ ئه‌نجامدانی لێكۆڵینه‌وه‌ و گرتنه‌به‌ری هه‌موو رێوشوێنێكی یاسایی له‌ دژی ئه‌و كه‌سه‌ و له‌ دژی هه‌ر كه‌سێك كه‌ ئه‌ركه‌ وه‌زیفییه‌كه‌ی بقۆزێته‌وه‌ یاخود زیان به‌ ناوبانگی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار بگه‌یه‌نێت به‌مه‌به‌ستی لاوازكردنی رۆڵی له‌ خزمه‌تكردنی هه‌موو عێراقییه‌كاندا".

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP