وەزیری بازرگانیی عێراق دەڵێت، پێویست ناكات هاوڵاتییان لە کەمی خۆراک بترسن، دەشێڵت بە لای كەمەوە خۆراکی شەش مانگیان کۆگا كردووە.
ئەسیر غورەیری بە ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عێراقی راگەیاندووە، وەزارەتەكەی خۆراكی زۆری کۆگا كردووە و پلانی ستراتیژی بۆ ئەم بابەتە هەیە.
ئاماژەی بەوەش كردووە، كاری یەكەمی وەزارەتەكەی دابینكردنی ئاسایشی خۆراكە و ئەم بابەتە هیچی لە ئاسایشی وڵات و ئاسایشی خاک كەمتر نییە.
وتووشیەتی، کۆگای ستراتیژیمان بۆ خۆراك هەیە، بە تایبەتی گەنم، جەختیش دەکاتەوە پێشتر خۆراكی سێ مانگمان کۆگا دەکرد، بەڵام ئێستا بۆ شەش مانگ خۆراك لە كۆگاكان هەڵگیراون.
وەزیری بازرگانی راشیگەیاند بەشەخۆراكی مانگانە و كەلوپەلی دیكەشمان بە شێوەیەكی تەواو هەیە، ئەگەر بارێكی لەناكاویش روویدا بارودۆخی خۆراكمان دابین كردووە و پارێزراوە.
ئاماژە بەوەش دەكات، وەزارەتەكەی سوورە لەسەر ئەوەی بازاڕ سەقامگیر بێت و رێگەنادەن بە هیچ جۆرێك نرخی كەلوپەل و خۆراك بەرزببێتەوە.
لە دوای رووداوەكانی سوریا جۆرێك لە ترس و دڵەڕاوكێ لە عێراق پەیدابووە و حكومەتی عێراقیش ترسی لەوە هەیە شەڕ و ئاژاوە و هێرشی چەكدارە توندڕەوەكان جارێكی دیكە روو لە وڵاتەكەی بكاتەوە، هاوڵاتیانیش یەكەم شت كە بیر لە دابینكردن و مسۆگەربوونی بكەنەوە، بابەتی خۆراك و كەلوپەلی پێویستە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP