دوای 15 رۆژ بەسەر یەکەم دانیشتنیدا پەرلەمان چاوەروانی سازانی لایەنە سیاسییەکانه‌

کوردستان
12:42 - 2024-12-14



نزیکەی 15 رۆژە یەکەم کۆبونەوەی خولی نوێی پەرلەمانی کوردستان بەسەرۆکایەتی بەتەمەنترین کاندیدی خولەکە ئەنجامدراوەو هەتا ئێستا لایەنەکان لەدەرەوەی پەرلەمان نەگەیشتونەتە رێککەوتن لەسەر چۆنییەتی پێکهێنانی کابینەی نوێ و دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و هەتا ئێستاش پەرلەمان چاوەروانی سازانی لایەنە سیاسییەکان دەکات، ئەندامێکی خولی پێشووی پەرلەمانیش دەڵێت: "لەرووی یاساییەوە دوای یەکەم دانیشتن هیچ کێشەیەک نییە کە پەرلەمان کاتێکی زۆری بوێت بۆ تەواوکاری دانیشتنی یەکەم".

دۆخی هەرێم پەرلەمان و حکومەتێکی کارای دەوێت
باڵامبۆ محەمەد ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان بە وێبسایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاندووه‌: "هەرچەندە هیچ کێشەیەکی یاسایی دروستنابێت ئەگەر پەرلەمان لە دوای دانیشتنی یەکەم کاتێکی زۆری بوێت بۆ دەنگدان لەسەر کابینەی نوێی حکومەت، بەڵام  ئەرکی لایەنەکانە دەستبە دانوستانەکان بکەن و پەلەبکەن لە پێکهێنانی کابینەی نوێ، چونکە بارودۆخی ناوچەکە وادەخوازیت کەچی زووە هەرێمی کوردستان پەرلەمان و حکومەتێکی کارای هەبێت".

"بەپێی ئەنجامی کورسی لایەنەکان کەلە هەڵبژاردنی رۆژی 20ی ئۆکتۆبەری 2024 بەدەستیان هێناوە، هیچ لایەنێک بەتەنها ناتوانێت حکومەت پێکبهێنێت و تەنانەت هیچ لایەنێک رەهایەکی زۆری کورسی نییە، ئەمەش وای کردووە پێکهێنانی کابینەی نوێ بەراورد بە کابینەکانی رابردوو کاتی زیاتری بوێت"، باڵامبۆ محەمەد وایوت.

15 رۆژ بەسەر یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان تێپەڕیوە
سایتی PUKMEDIA ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌كردووه‌ كه‌ بەپێی زانیارییەکانی، خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان دوای سێ مانگ لەیەکەم دانیشتنی خولەکە توانی دەنگ لەسەر کابینەی نۆیەمی حکومەت بدات، هاوکات خولی چوارەمی پەرلەمانیش دوای شەش مانگ لەیەکەم کۆبونەوەی پەرلەمان توانی دەنگ بە کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێم بدات، لە ئێستاشدا لە رۆژی 2-12-2024 ئەندامانی خولی شەشەمی پەرلەمان بەسەرۆکایەتی بەتەمەنترین پەرلەمانتار سوێندی یاساییان خوارد و تا ئێستاش کە نزیکەی 15 رۆژ بەسەر ئەو وادەیەدا تێپەڕیوە هیچ سازانێک لەنێوان لایەنەکاندا بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان لەئارادا نییە و چاوەڕوان دەکرێت، لایەنەکان کاتێکی زۆریان بوێت بۆ رێککەوتن لەسەر پۆستەکانی هەر چوار سەرۆکایەتییەکەی هەرێم.

یەکێتی و پارتی هەریەکەیان بەتەنها ناتوانن حکومەت پێکبهێنن
باڵامبۆ محەمەد ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان ئەوەش دەڵێت: "ژمارەیەک لایەن کە دەنگەکانیان وەک پێویست نەبووە بەشداری نەکردنی خۆیان لە حکومەت راگەیاندوەو بونەتە ئۆپۆزسیۆن، هاوکات یەکێتی و پارتیش هەریەکەیان بەتەنها ناتوانن حکومەت پێکبهێنن، ئەوەی دەمێنێتەوە ئەو دوو حزبەن کەدەتوانن پێکەوە حکومەت پێکبهێنن، بۆیە دەبێت پارتی دیموکراتی کوردستان لەوە تێبگات کەوەک کابینەی پێشوو ناتوانێت سەرجەم پۆستە گرنگەکانی حکومەت بۆخۆی قۆرخ بکات".

وتیشی: "دەکرێت دەستەی سەرۆکایەتییەکان لەنێوان یەکێتی و پارتیدا رێککەوتنی هەردوو لایانی لەسەر بکرێت و ئەگەر نیەتێکی باش هەبێت بۆ رێککەوتن دەبێت هەردوولایان هەنگاو بەرەو لای یەکتر بنێن، لەپێناو کاراکردنەوەی حکومەت و پەرلەمان".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سێ حاڵەتدا دەتوانێت پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە:
یەکەم/ لەدوای فەرمانی سەرۆکی هەرێم بۆ یەکەم دانیشتنی خولی نوێ ئەگەر نەتوانرا دوای زیاتر لە مانگێک یەکەم کۆبونەوە ئەنجام بدرێت، سەرۆکی هەرێم دەسەڵاتی هەیە ئەو خولەی پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە/ ئەم خولەی پەرلەمان ئەم حاڵەتەی تێپەڕاندووە.

دووەم/ ئەگەر زۆرینەی رەهای پەرلەمانتاران (50+1) دەستیان لە کارکێشایەوە سەرۆکی هەرێم دەتوانێت ئەو خولەی پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە.
سێیەم/ ئەگەر پەرلەمان لە سێ دانیشتنی جیاوازدا نەیتوانی دەنگ لەسەر سێ پێکهاتەی جیاوازی کابینەی حکومەتی نوێ بدات، سەرۆکی هەرێم دەتوانێت خولەکەی پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە، واتە ئەگەر پەرلەمان نەیتوانی دەنگبدات بە سێ سەرۆک وەزیرانی جیاواز و کابینەی جیاواز سەرۆکی هەرێم دەتوانێت ئەو خولەی پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە.

پەرلەمانی کوردستان لە 100 کورسی پێکدێت، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 23 کورسی و پارتی دیموکراتی کوردستان 39 کورسی و نەوەی نوێ 15 کورسی و یەکگرتووی ئیسلامی 7 کورسی و کۆمەڵی دادگەری 3 کورسی و رەوتی هەڵوێست 4 کورسی و بەرەی گەل 2 کورسی و هەریەک لە بزوتنەوەی گۆڕان و هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان یەک کورسییان بەدەست هێناوە، هاوکات 5 کورسیش بۆ پێکهاتەکان دیاری کراوە، کە سێ کورسییان بۆ مەسیحییەکان و دوو کورسیش بۆ تورکمانەکانە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP