بەمەبەستی ئامادەکاری بۆ کۆنفرانسی داهاتووی لاوانی سۆسیاڵ ئینتەرناسیۆناڵ کە وابڕیارە ساڵی داهاتوو لە سلێمانی ئەنجام بدرێت سكرتێری گشتی رێكخراوی سۆسیاڵ ئینتەرناسیۆناڵ و ژمارەیەک لە نوێنەرانی رێکخراوەکە سەردانی مەزاری سەرۆک مام جەلالیان کرد.
هێرش نامیق سەرۆکی رێكخراوی ئازادی لاوانی كوردستان بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن رایگەیاند: "ئەمڕۆ شەممە 14-12-2024 سكرتێری گشتیی رێكخراوی سۆسیاڵ ئینتەرناسیۆناڵ سەردانی رێكخراوی ئازادی لاوانی كوردستانیان کرد و بەمەبەستی ئەنجامدانی کۆنفرانسی داهاتووی لاوانی سۆسیاڵ ئینتەرناسیۆناڵ و ئامادەکارییەکان سەردانی مەزاری سەرۆک مام جەلالیان کرد".
"ئامانج لەو سەردانە بۆ مەزاری سەرۆک مام جەلال، رۆڵی سەرۆک مام جەلال بووە لە گرنگیدان و پاراستنی مافی مرۆڤ و مافی ژنان"، هێرش نامیق وای وت.
هاوکات ئەندامێکی وەفدی رێكخراوی سۆسیاڵ ئینتەرناسیۆناڵ لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "وەک سوپاسگوزارییەک بۆ رۆڵی سەرۆک مام جەلال کە بۆ ئێمە پێشەنگ بووەو رۆڵی هەبووە لە چاکسازی لە دۆخی هەرێم و عیراق و گرنگییەکی زۆری بە دۆزی کورد داوەو بوەتە هۆی ئەوەی دۆزی کورد ببێتە جێگای سەرنجی هەموو جیهان ئەمڕۆ سەردانی مەزارەکەیمان کردووە".
رێكخراوی سۆسیاڵ ئینتەرناسیۆناڵ لەم سەردانە مەیدانیەیدا راپۆرتێکی گشتگیر ئامادەدەکەن لەسەر بارودۆخ و شێوازی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان و روئیای رێکخراوی ئازادی لاوانی لەسەر پرسە کۆمەڵایەتییەکان دەخەنەروو، بۆ ئامادەکاری کۆنفرانسی داهاتووی لاوانی سۆسیاڵ ئینتەرناسیۆناڵ کە وابڕیارە ساڵی داهاتوو لە سلێمانی ئەنجام بدرێت.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP