سەرۆكی ئۆفیسی كەركوكی لیژنەی جێبەجێكردنی ماددەی
١٤٠ رایدەگەیەنێت: "كارەكانی لیژنەی تایبەت بەكێشەی جوتیاران لەناوچە جێناكۆكەكان
بەباشی بەڕێوەدەچێت و گەیشتووین بەو دەرئەنجامەی كەرێگرییەكان سیاسیین و كۆمەڵێك كەس
بەهاندانی هەندێك لایەن رێگری لەجوتیارانی كورد دەكەن"، دەشڵێت: "بەهەڵوەشاندنەوەی
بڕیارەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕشی لەناوچوو (سەورە)، 80% ی كێشەی جوتیاران لەو
ناوچانە چارەسەر دەبن".
كاكهڕهش سدیق سەرۆكی ئۆفیسی كەركوكی لیژنەی جێبەجێكردنی
ماددەی ١٤٠ لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "لەسەر سكاڵای جوتیارانی
كورد لەناحیەی پەڵكانە، حكومەتی فیدراڵ رۆژی 15-12-2024، بڕیاریدا بەپێكهێنانی لیژنەیەك
سەبارەت بەكێشەی جوتیاران لەناوچە جێناكۆكەكان بەسەرۆكایەتی وەزیری پێشوی كشتوكاڵ
و بەنوێنەرایەتی كوردو عەرەب، هاوكات ئێمەش تێیدا كاردەكەین و كارەكانی لیژنەكە بەباشی
بەڕێوەدەچێت".
راشیگەیاند: "گەیشتووین بە كۆمەڵێك دەرئەنجام
و سەرەداوی نوێ كەرێگرییەكان زیاتر سیاسیین و كۆمەڵێك كەس بەهاندانی هەندێك لایەن
رێگری لەجوتیارانی كورد دەكەن كەزەوییە كشتوكاڵییەكانیان بەكاربێنن، لەكاتێكدا مافی
ئەو عەرەبانە نییە بگەڕێنەوە بۆ سەر ئەو زەویانە".
سەرۆكی ئۆفیسی كەركوكی لیژنەی جێبەجێكردنی ماددەی
١٤٠ وتیشی: "هەر بۆ ئەو مەبەستە لیژنەیەك لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق
هاتوونەتە ناوچەكەو ئەگەر ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بڕیارەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتی
شۆڕشی لەناوچوو (سەورە)، هەڵبوەشێنێتەوە ئەوا
80% ی كێشەی جوتیاران لەو ناوچانە چارەسەر دەبن".
كاكهڕهش سدیق راشیگەیاند: "هەوڵدەدەین رۆژی
یەك شەممەی داهاتوو پێشنیارەكانمان بۆ هادی عامری سەرۆكی لیژنەی جێبەجێكردنی ماددەی
١٤٠، بەرزبكەینەوەو بڕیاری لێ وەربگرین و كاری لەسەر بكەین، هاوكات بڕیاری جددیشمان
داوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی كەركوك، كە دەبێت دەستبەجێ ئیتفا جێبەجێ بكرێت و
ئەگەر كەمتەرخەمی بكرێت بەرپرسیار دەبن".
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP