دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارەو پەنابەران ئاشكرایدەكات، كە لەماوەی 10 ساڵی رابردوودا زیاتر لە 763 هەزار هاووڵاتی لەهەرێمی كوردستان و عیراقەوە بەرەو ئەوروپا كۆچیان كردوە، 593 كۆچبەریش گیانیان لەدەستداوە.
دەزگای لوتكە رێكخراوێكی ناحكومییە خزمەتگوزاری پێشكەش بەئاوارە و پەنابەران لەناوخۆ و دەرەوەی عیراق دەكات .
بەگوێرەی ئاماری دەزگای لوتكە كە رۆژی 18/12/2024 بە بۆنەی رۆژی جیهانی پەنابەرانەوە بڵاویكردووەتەوە رایدەگەیەنێت: "لەساڵی 2015ەوە تا ئێستا ژمارەی پەنابەر گەیشتووەتە 763 هەزارو 398 هاووڵاتی هەرێم و عیراق، كە داوای مافی پەنابەرییان لەوڵاتانی ئەوروپی پێشكەشكردووە، لەو ماوەیەشدا 345 كۆچبەر لەكاتی هەوڵدانیان بۆ پەڕینەوە گیانیان لەدەستداوە، لە كاتێكدا 248 كۆچبەریان بێسەروشوێن بوون".
بەپێی ئامارەكانی دەزگای لوتكە ئاشكرایدەكات، كە ساڵی 2015 زۆرترین ژمارەی كۆچبەرانی بەخۆیەوە بینیوەو گەیشتووەتە 186 هەزارو 422 كەس، كەزۆرترین ژمارەیە كە لەماوەی 10 ساڵی رابردوودا تۆماركراوە.
دیاردەی كۆچكردن لەهەرێمی كوردستان و عیراقەوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا شتێكی نوێ نییە، بەڵام لە دەیەی رابردوودا بەشێوەیەكی بەرچاو زیاتربووە لەئەنجامی قەیرانی ئابوری و سیاسی و ململانێ چەكدارییەكان.
بارەگای سەرەكی دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەرن لەعیراق پارێزگای سلێمانییە و هەروەها لەهەریەك لەوڵاتانی (توركیا - یۆنان - ڕۆمانیا - بولگاریا - ئیتالیا - هۆڵەندا - ماڵتا - سوید - نەرویج - سووریا - ئەڵمانیا- بەریتانیا- كەنەدا - ئەمریكا) نوێنەرایەتی هەیە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP