راوێژكارێكی سه‌رۆك بافڵ: یه‌كێتی له‌ به‌غدا داوای چارسه‌ری كێشه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم ده‌كات

ئابوری
16:13 - 2024-12-22


 
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ چەند پرسێکی گرنگ لەبەغدایەو بەپێی زانیارییەکانی یەکێک لە راوێژکارەکانی سەرۆک بافڵ: "پرسی مووچەو دۆخی دارایی هەرێمی کوردستانی لەگەڵ سەرکردە عیراقییەکان باسکردووەو داوای چارەسەرکردنیشی کردووە".

 یەكێتی چارەسەركردنی مووچە دەكاتە مەرجی پێكهێنانی حكومەت
بێستون فایەق راوێژكاری بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەوێبسایتی رەسمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاندووه‌: "بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەردانەکانیدا بۆ بەغدا و لەکۆبوونەوەی لەگەڵ بڕیاربەدەستەکانی عیراق، پرسی مووچەو دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان تەوەرێکی گرنگی دانیشتنەکانی بووەو لەپێناو گەیشتن بەچارەسەرێکی ریشەیی کێشەی مووچەخۆرانی هەرێم".

بێستون فایەق وتی:"یەکلاکردنەوەی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم مەرجی یەکێتییە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، بۆ ئەمەش پڕۆژەیەکی وردی ئامادەیەو هەموو هەوڵەکانی لەوپێناوەدایە پێش پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت کێشەی مووچە چارەسەرکرابێت و چیدی هەواڵی مووچە نەبێتە بابەتی گەرمی میدیاکان" 

ئەو راوێژکارەی سەرۆکی یەکێتی وتیشی: "تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکانی سەرۆک بافڵ لەگەڵ کاربەدەستانی بەغدا باسکردنی بارودۆخی سوریایە، کەپێویستە لە زۆر رووەوە قسەی جددی لەسەر بکرێت، هەر بۆیە تاوتێکردنی ئەو بابەتە بووە تەوەرێکی تری گفتوگۆی کۆبوونەوەکانی سەرۆکی یەکێتی لەبەغدا".  

نێروەیی: یەکێتی پشتیوانیی لەتەوتین دەکات
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرۆک بافڵ پشتیوانی لەتەوتینی مووچەی مووچەخۆران دەکەن، لێپرسراوی بۆردی راگه‌یاندنی یه‌كێتی-ش دەڵێت: "یەکێتی لەسەر رێگریكردن لەجێبەجێكردنی (تەوتین)ی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم رێکارێکی یاسایی گرتووەتە بەرو سکاڵایەکی لەدادگای بەغدا تۆمارکردووە".

له‌تیف نێروه‌یی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی و لێپرسراوی بۆردی راگه‌یاندنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بەکەناڵی گەلی کوردستانی راگەیاند: "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرۆک بافڵ پشتیوانی لە تەوتینی مووچەی مووچەخۆران دەکەن و خواستی فەرمانبەرانیشە، هاوکات تەوتین بڕیاری دادگای فیدراڵییەو تەواو یاساییە، سەرجەم پارێزگاکانی دیکەی عیراقیش پابەندن بەم بڕیارەوە".

"یەکێتی لەسەر رێگریكردن لەجێبەجێكردنی (تەوتین)ی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و بەزۆر ناچار كردنی فەرمانبەران بەكردنەوەی هەژماری بانكی لەهەژماری من لەبانكە ناحكومییەكان، رێکارێکی یاسایی گرتووەتە بەرو سکاڵایەکی لەدادگای بەغدا تۆمارکردووە، چاوەڕوانی ئەنجامەکە دەکەین و پابەندیش دەبین بەبڕیاری دادگاوە، لەکاتێکدا سکاڵاکە چەند جارێک دواخراوە هیوادارین بەزووترین کات بڕیار لەسەر ئەو سکاڵایە بدرێت و ئەنجامەکەی لەبەرژەوەندی خەڵکی هەرێمی کوردستان بێت".  

لەگەڵ ئەوەی یەکێک لەپرسە گرنگەکان کە سەرۆک بافڵ لەگەڵ سەرکردە عیراقییەکان باسی دەکات، چارەسەری ریشەیی کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمە، هاوکات یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش لەچوارچێوەی هەوڵەكانیدا بۆ جێبەجێكردنی تەوتین و كۆتاییهێنان بە هەژماری من، كە بەزۆرەملێ بەمووچەخۆرانی هەرێم دەكرێت، رۆژی 31-10-2024، لەدادگا لەبەغدا سكاڵای تۆمار كردو دادگاكەش سكاڵاكەی قبوڵكرد.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP