ئاسۆ مامەند: ساڵی نوێ‌ ببێتە فاکتەری سەقامگیری و ئاوەدانی بۆ وڵاتەکەمان

کوردستان
18:09 - 2024-12-31



بەبۆنەی ساڵی نوێی ٢٠٢٥ی زاینییەوە، جوانترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی هاووڵاتییانی عیڕاق بە گشتی، و کوردستانیان و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان بە تایبەتی، و پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزە ئەمنییەکان و تەواوی هاووڵاتیانی پارێزگای کەرکوک دەکەم.

ئومێدەوارم ساڵی نوێ، ساڵی کۆتاییهێنان بێت بە سەرجەم کێشە و قەیرانەکان، و ببێتە فاکتەری سەقامگیری و ئاوەدانی بۆ وڵاتەکەمان و لێکنزیکبوونەوەی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان، و قووڵبوونەوەی زیاتری گیانی پێکەوە ژیانی نێوان پێکهاتەکانی پارێزگای کەرکوک. 

هەروەها بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی تایبەت لە خوشک و برا مەسیحییەکان دەکەم، و دڵنیایان دەکەمەوە کە ئەم نیشتمانە هی هەموومانە بەبێ جیاوازیی، و تیایدا وەک هاووڵاتیی مافی وەک یەکمان هەیە.

هەروەها ئەم بۆنەیەش بە دەرفەتێک دەزانم کە تیایدا رایبگەیەنم؛ یەکێتیی لە سەر هەر سێ ئاستی سیاسی و ئیداری و کۆمەڵایەتی خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت لە بەرامبەر دانیشتوانی کەرکوکدا، و بە بەرنامە و پڕوژەی خزمەتگوزاری هەمەلایەن پێشوازیی لە ساڵی نوێ دەکات، و کەشێکی لەباری پێکەوە ژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتەکان دەستەبەر دەکات بە جۆرێک لە تەواوی کایەکاندا دانیشتوانی رەسەنی پارێزگای کەرکوک لێی بەهرەمەندبن.

هەروەها لە سەر ئاستی رێخکراوەییش، یەکێتیی پڕۆژەی پێویستی گەڵاڵە کردووە و بە پلان و بەرنامەی سەردەمیانە هەوڵی جێبەجێکردنیان دەدات، لە سەروشیانەوە پرسە نیشتمانییەکان، و هەروا مەسەلەی بژێوی و دابینکردنی هەلی کار و بەسەرکردنەوەی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و گەڕانەوە بۆ خانووە قوڕەکان؛ بەشێکی دیکەی ئەو پڕۆژەیەن کە لە ساڵی نوێدا یەکێتیی بە گرنگییەوە کاریان لەسەر دەکات.

دووبارە ساڵی نوێی ٢٠٢٥ی زاینی لە هەموو لایەک پیرۆزبێت، ئومێدەوارم لە کەشێکی ئارامدا ئەم بۆنەیە بەڕێبکەن.

ئاسۆ مامەند
سەرپەرشتیاری کەرکوک-سەڵاحەدینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP