كوردسات مۆمی 25 ساڵه‌ی ته‌مه‌نی داگیرساند

کوردستان
17:57 - 2025-01-01


لەگەڵ هاتنی ساڵی نوێدا دەزگای میدیایی كوردستان مۆمی 25 ساڵەی تەمەنی دادەگیرسێنێت كە لە سەرەتای ساڵی 2000 ەوە، لەلایەن خاتۆ هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدەوە لەهەناوی كەناڵی خاكەوە دامەزرێندرا و لە سلێمانی دەستی بەپەخشكردنی بەرنامەكانی كرد.

كوردسات چۆن دامەزرا؟

كوردسات لە1-1-2000 وەك كەناڵێكی ئاسمانی دەستی بە پەخشكرد، سەرەتا چەند سەعاتێك پەخشی هەبوو دواتر پەخشی بووە 24 سەعات، كوردسات هەر بەوەوە نەوەستا ئێستا دەزگایەكی گەورەی میدیاییە و لە رێگەی دوو كەناڵی تەلەفزیۆنی و سێ رادیۆ و سۆشیاڵ میدیاوە هەواڵ و زانیارییەكان دەگەیەنێتە بینەران و گوێگران و خوێنەرانی و لۆگۆكەشی گوڵێكی نێرگزە.

دەزگای میدیایی كوردسات لەمێژوی 24 ساڵەی رابردووی تەمەنی خۆیدا، پیشەییانە پەیامەكانی خۆی گەیاندووە و بووەتە دەنگ و رەنگی هەموو كوردان، هەواڵ و زانیاری و بەرنامەكانی ئاڕاستەیەكی نیشتمانیی و نەتەوەیی بەرزییان پێشكەشكردوە، ئەمەش رەنگدانەوەی هەبووە لە قوڵكردنەوەی هۆشیاری و پێكەوەژیان و بەرقەراركردنی ئاشتی كۆمەڵایەتی لەكوردستاندا.

كوردسات هەڵگری پەیامی كوردایەتییە
كەناڵی كوردسات ئێستا پێ‌ دەنێتە 25 ساڵەی تەمەنی و بۆ ساڵی نوێ‌ چەندین بەرنامە و پڕۆگرامی نوێی دەبێت و زیاتر كار لەسەر كەلتور و فەرهەنگ و هونەری كوردی دەكات، كوردسات هەڵگری پەیامی كوردایەتییە، بەتایبەتی ئەو دروشمەی هەڵی گرتووە ئەوەیە (كوردسات دەنگ و رەنگی كوردانە)، بۆیە لەسەر ئەم دروشمە كار دەكات و بەردەوام دەیەوێت ئەو دروشمە لەناو بەرنامەكانیدا رەنگ بداتەوە.

كوردستان لەخەمی چوار پارچەی كوردستاندایە
دەزگای میدیایی كوردسات لەمێژوویی خۆیدا نیشتمانیانە كاری كردووە و بەردەوام لە خەمی پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكاندا بووە، هەر كاتێك پارچەیەكی كوردستان پێویستی بە هاوكاری و كۆمەك بووبێت ئەم دەزگا میدیاییە كۆمەك و كەمپینی بۆ راگەیاندووە و بە زۆرترین بڕ و زووترین كات هاوكارییەكانی گەیاندووەتە لێقەوماوان، بۆ بومەلەرزەكەی سەرەتای ئەمساڵ لە رۆژئاوا و باكوری كوردستانیش (كەمپینی هاوخەمتانین)ی راگەیاند.

كوردسات كۆكەرەوەی خێزانە 
شاشەی كوردسات سەنگ و قورسایی خۆی هەیە و لەناو ئەم هەڵا میدیاییەی ئەمڕۆدا توانیویەتی ببێتە كۆكەرەوەی خێزانەكان، چونكە بەرنامە و پڕۆگرامەكانی بەشێوەیەك دادەڕێژێت كە خێزانەكان پێكەوە و بێخەم دەتوانن لە دەوری كۆببنەوە، ئەمە جگە لەوەی زنجیرە دۆبلاژكراوەكانیشی بەشێوەیەكن كە سوودیان بۆ كۆمەڵگەهەیە و پڕبینەرترینن.

كوردسات بۆ منداڵان
 دەزگای میدیایی كوردستان بایەخی زۆری بە منداڵانداوە و لەڕێگەی پڕۆگرامی مناڵان و بەرنامەی جۆراوجۆرەوە خزمەتێكی گەورە بەم چینە كردووە و چەندەھا كلیپ و بەرنامەی بۆ بەرھەمھێناون و ژمارەیەكی بەرچاو لە منداڵانی بەهرەمەندی پێگەیاندووە. كوردسات كۆكەرەوەی ئەرشیفی كوردە دەتوانین بڵێین كوردسات تاكە كەناڵە گرنگی بە كۆكردنەوەی ئەرشیفی كورد دەدات، ئەویش هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵ و ماندوبوونی خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد كە گرنگیداوە بە ئەرشیف، یەكێك لە ئامانجەكانی دروستبوونی كوردسات بۆ ئەرشیفكردنی دۆسێكانی كورد بووە.

ئەگەر بشگەڕێینەوە بۆ سەرەتای دامەزراندنی كوردسات، چەندین بەرنامە و پڕۆگرام كراون كە باسیان لە دۆسێی ئەنفال كردووە و كەسوكاری قوربانیان قسەیان تێدا كردووە، هەروەها داستانەكانی پێشمەرگە و شۆڕشەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان باسكراون، ئەوەش ئەرشیفێكی باشە تائێستا لە كوردسات ماونەتەوە، سەرجەم ئەرشیفی كوردسات بە هەوڵ و ماندوبوونی هەریەكە لە خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و هەڤاڵ مام جەلال كۆكراونەتەوە.

دەزگای میدیایی كوردسات لە دوو كەناڵی تەلەفزیۆنی و دوو رادیۆ و چەند وێبسایت و سۆشیاڵ میدیایەك پێكهاتووە لە 1 ی كانوونی دووەمی ساڵی 2000 لە شاری سلێمانی دامەزراوە، هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە بە چەند زمانێك بەرنامە و هەواڵ و پرۆگرامی پێشكەش كردووە، ئێستاش یادی 24 ساڵەی تەمەنی ئەو كەناڵەیە بە هەردوو زاراوەی سۆرانی و كرمانجی هەواڵ و بەرنامە و پڕۆگرام پێشكەش دەكات، بەتایبەتی كوردسات-ی فەرهەنگ و كەلتور گرنگی بە رەسەنایەتی و كەلتور و دابونەریتی كوردەواری دەدات و كوردسات NEWS گرنگی بە هەواڵ و پڕۆگرامە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و هەر چوار پارچەی كوردستان دەدات.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP