بەپێی سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیران
و وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، ئەگەر بەغدا جگە لەو 441 ملیار دینارەی رەزامەندیی
لەسەر داوە، پارەی دیکە نەنێرێت، ئەوا بە ئەگەری زۆرەوە مووچەی مانگی 12ـی مووچەخۆرانی
هەرێمی کوردستان پاشەکەوت دەکرێت.
بەپێی ئەو سەرچاوەیە، حکومەتی هەرێمی
کوردستان کورتهێنانی مووچەی مانگی 12 بە داهاتی ناوخۆ پڕناکاتەوە، لەبەرئەوە دوای تەواوبوونی
پشووی سەری ساڵ هەوڵ بۆ ڕازیکردنی بەغدا دەداتەوە، تاوەکو پارەی دیکە بنێرێت و چارەنووسی مووچەی مانگی
12ـی پێ یەکلابکەنەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، بەغدا جگە لەو
441 ملیار دینارەی رەزامەندیی لەسەر داوە، ئامادەنییە هیچ بڕە پارەیەکی دیکە بۆ مووچەی
فەرمانبەرانی هەرێم بۆ ساڵی 2024 بنێرێت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی
مووچەی هەر مانگێکی مووچەخۆران پێویستی بە 999 ملیار دینار هەیە، بۆیە بەو 441 ملیار
دینارەی رەوانە دەکرێت لەگەڵ ئەو 631 ملیار دینارەی بۆ مانگی 11 نێردراوە، مووچەی مانگی
11ـی پێ دابەشدەکرێت و بڕی 73 ملیار دیناریش دەمێنێتەوە، ئەوکاتە حکومەتی هەرێمی کوردستان
پێویستی بە 926 ملیار دیناری دیکە هەیە بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی 12ـی مووچەخۆران.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP