زیرەکیی دەستکرد لە زۆر بەرەکانی جەنگی سەربازی لە سەرانسەری جیهاندا بە شێوەیەکی بەهێز لە گۆڕەپانەکاندا ئامادەیە، جا چ لە بواری شیکردنەوەی داتا و زانیاریی هەواڵگری، بۆردومانکردنی ئامانجی سەربازی لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، یان ئەنجامدانی ئەرکی سیخوڕی لە ڕێگەی ڕۆبۆتی سەربازییەوە، بەڵام ئیسرائیل زیرەکیی دەستکردی لە شەڕی دژ بە بزووتنەوەی حەماس و حزبوڵای لوبناندا بە شێوەیەکی جیاواز بەکارهێنا.
وەک لە عورفی سەربازیدا باوە، لەپێشدا مرۆڤ ئەو ئامانجە سەربازییانە کە دەکرێنە ئامانج یان تیرۆر دەکرێن دەستنیشان دەکات، پاشان لە ڕێگەی زیرەکیی دەستکردەوە ئەرکەکە ئەنجام دەدرێت، بۆنموونە وەک بەکارهێنانی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان، بۆ تیرۆرکردنی یەکێک لەو ئامانجانەی کە سەرکردایەتی سەربازی بۆی دیاری دەکات. بەڵام لە حاڵەتی فراوانکردنی مەودای ئامانجە سەربازییەکان بە شێوەیەکی زۆر گەورەتر، ڕەنگە توخمە مرۆییەکان لە پێناسە، ناسینەوە، دەستنیشانکردن و پێداچوونەوەی ئەو هەموو ئامانجانەدا ڕووبەڕووی کێشە ببێتەوە، ئەمە جگە لە کەمی کات، کە ڕەنگە لە بەرژەوەندی هێزە شەڕکەرەکاندا نەبێت.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP