زیرەکیی دەستکرد بۆ وەڵامدانەوەی هەر پرسیارێک وزە سەرف دەکات و ژینگەش پیس دەکات

زانست و تەکنەلۆژیا
19:23 - 2025-05-09

هیچ بیرت لەوە کردووەتەوە ئەو پرسیارانەی رۆژانە بۆ خۆشی یاخود بۆ دەرخستنی ئاستی توانای زیرەکیی دەستکرد، لە مۆدێل و ئەپە جیاوازەکانی ئەو تەکنەلۆژیایەی دەکەیت، دەبێتە هۆی پیسبوونی ژینگە و کەمبوونەوەی ئەو کارەبایەی لە ماڵەوە پێویستت پێیەتی.
ژمارەیەکی زۆری خەڵک رۆژانە لە بواری جیادا، سوود لە زیرەکیی دەستکرد وەردەگرن و تا دێت بەکارهێنانی مۆدێلە جیاوازەکانی ئەو تەکنەلۆژیایە زیاتر دەبێت. بەکارهێنان و سوود وەرگرتنەکە تەنیا لە ئاستی تاکدا نییە، بەڵکوو بەشێکی زۆری حکومەتەکانی جیهانیش بە ڕێژەی جودا لە کەرتەکانی خزمەتگوزاریی و بەڕێوەبردندا کاری پێ دەکەن.
ئەوەی لێرەدا دەیخەینەڕوو بە هەدەردانی وزە و زیانی ژینگەیی تەکنەلۆژیا و مۆدێلەکانی زیرەکیی دەستکردە.
بە پێی لێکۆڵینەوەکان ئەو وزەیەی بۆ زیرەکیی دەستکرد بەهەدەردەچێت لە ساڵی 2026دا، دەکاتە  لە سەدا چواری کۆی وزەی هەموو جیهان، کە بە نزیکەیی دەکاتە ئەو کارەبایەی وڵاتێکی وەکوو ژاپۆن بەکاریدەهێنێت.
لەبارەی زیانەکانی سەر ژینگەشەوە، یوان یاو پسپۆڕی ژینگە، لێکۆڵینەوەیەکی کردووە، ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە دەریدەخات لە دە ساڵی داهاتوودا زیرەکیی دەستکرد، رێژەی 45%ی پیسبوونی ژینگە پێکدەهێنێت.
ئەم پێشبینییە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە (ئای ئی ئەی)یش پێی لەسەر دادەگرێت و دەڵێت، بە زیادتربوونی 10 لەسەدی بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد، رێژەی دەردانی گازە زیانبەخشەکان، ئەوانەی ڕۆڵی سەرەکیی لە گەرمبوونی جیهاندا دەبینن، 80% لەسەد  زیاد دەکات.
ڕەنگە ئەوەی کە ئەپەکانی زیرەکیی دەستکرد وزە سەرف دەکەن و ژینگە پیس دەکەن، بۆ هەندێک پرسیار بێت و بڵێن چۆن کار لە ژینگە و وزە دەکات؟.
هەر ئەپێکی زیرەکیی دەستکرد بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانەی ئاڕاستەیان دەکرێت پێویستیان بە زانیاریی و داتا هەیە، ئەو زانیارییانەش لە سەنتەری داتادا کۆدەکرێنەوە، واتا بۆ وەڵامدانەوەی هەر پرسیارێک پێویستە سەنتەری داتایەکی گەورە بکەوێتە کار، ئەمەش پێویستی بە کارەبا هەیە و گازی زیانبەخشیش دەردەدات.
هەر پرسیارێک کە تۆ ئاڕاستەی زیرەکی دەستکردی دەکەیت، لە 1% تا 13%  وزە بۆ وەڵامدانەوەی سەرف دەکرێت.
ئەم بابەتە لەو کاتەوە زیاتر گرنگی پێدرا کە لەناکاودا کارەبای وڵاتانی ئیسپانیا، پۆرتوگال، ئەندۆرا و فەرەنسا بچڕا و ملیۆنان کەس بێ کارەبا بوون.
گرنگە ئەوە بزانین ئێستا هەر کەس لە ئێمە رۆڵی لە پاراستنی وزە و ژینگەی جیهانیدا هەیە و بەو پرسیارانەی ئاڕاستەی ئەپەکانی زیرەکیی دەستکردی دەکەین دەبینە هۆکار بۆ بەهەدەردانی کارەبا و پیسکردنی ژینگە،  بۆیە پێویستە تەنیا لەکاتی پێویستیدا ئەو تەکنەلۆژیایە بەکاربهێنن.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP