لیژنەی فەرمانی پەرلەمانی ژمارە (٤١٦) بڕیاری راگرتنی پڕۆژەی سیستمی تۆماركردنی مۆبایلی داو ئەندامێكی لیژنەكەش رایدەگەیەنێت: "هەرچەندە ئامانج لەپڕۆژەكە زیادكردنی سەرچاوەی داهاتی نانەوتی و رێگرییە لە بەقاچاخ هێنانی مۆبایل، بەڵام گومان لەبوونی گەندەڵی لەپێدانی پڕۆژەكە بەكۆمپانیا هەیە، هاوكات مەترسی ئەوەش هەیە لەبواری ئەمنیدا خراپ بەكاربهێنرێت".
كاروان یاروەیس ئەندامی لیژنەی فەرمانی پەرلەمانی ژمارە (٤١٦) ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەوێبسایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی راگەیاند: "لیژنەكە بۆ لێكۆلینەوە لەو گومانانەی لەڕێوشوێنی ئیحالەكردن و مەترسی ئەمنی لەپڕۆژەی سیستمی تۆماركردنی مۆبایلدا هەیە، لەدانیشینی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەنگ بۆ پێكهێنانی دراو بەفەرمانی سەرۆكایەتی پەرلەمان سەرۆك و ئەندامانی دیاریكرا، لە یەكەم كۆبوونەوەیدا لیژنەكە بڕیاریدا پڕۆژەكە رابگیرێت تا لێكۆلینەوەكان تەواو دەبن".
"پڕۆژەی سیستمی تۆماركردنی مۆبایل لەلایەن دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییكردنی عیراقەوە دراوە بە كۆمپانیایەك بۆ جێبەجێكردنی و بەپێی پڕۆژەكە لەمەودوا هەر جۆرە مۆبایل و ئامێریكی پەیوەندیكردن هاوردە بكرێت بەكۆدێك تۆمار دەكرێت و هەر مۆبایلێك تۆمار نەكرێت لەكاركردن دەوەستێت، هەر بیانی و گەشتیارێكیش بێتە عیراق پێویستە مۆبایلەكەی تۆمار بكرێت و هەرچی ئەو مۆبایل و ئامێرانەی پێش دەستبەكاربوونی سیستمەكە هاتوونەتە عیراق و ئێستا لەلایەن هاووڵاتیانەوە بەكاردەهێنرێن بەكۆدێك بەبێ بەرامبەر تۆمار دەكرێن" كاروان یاروەیس وادەڵێت.
راشیگەیاند: "ئامانج لەم پڕۆژەیە زیادكردنی سەرچاوەی داهاتی نانەوتی و رێگرییە لە بەقاچاخ هێنانی مۆبایل، بەڵام لەبەرامبەردا پەرلەمانتاران گومانیان لەبوونی گەندەڵی لەپێدانی پڕۆژەكە بەكۆمپانیا و هەروەها مەترسیان هەیە لەبواری ئەمنیدا خراپ بەكاربهێنرێت".
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP