بەبڕیاری قوباد تاڵەبانی دوو سایدی خەلەكان–دوكان دەستپێدەكاتەوە

کوردستان
19:23 - 2025-01-15


بەبڕیاری قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێم، پڕۆژەی دوو سایدی خەلەكان–دوكان دەستپێدەكاتەوەو قائیمقامی دوكان-یش رایدەگەیەنێت: "لەسەر بڕیاری قوباد تاڵەبانی بودجەی پێویست بۆ تەواوكردنی پڕۆژەكە تەرخان دەكرێت".

سیروان سەرحەد قائیمقامی قەزای دوكان لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "بەبڕیاری قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، بودجەی پێویست بۆ تەواوكردنی پڕۆژەی دوو سایدی خەلەكان–دوكان تەرخان دەكرێت، بۆ ئەو مەبەستەش تیمێكی پێكهێناوە، تاوەكو تاوتوێی پڕۆژە بكەن و لە كێشەو ئاستەنگییەكان بكۆڵنەوە".

قائیمقامی دوكان راشیگەیاند: "لەسەر بڕیاری قوباد تاڵەبانی لەكاتی خۆیدا پڕۆژەكە تەواودەكرێت، بۆ ئەو مەبەستەش كۆمپانیای جێبەجێكاری پڕۆژەكە راسپێردراوە دەستبەكارەكانی بكاتەوە".
 
هاوكات هەر لەكۆنگرەكەدا نوێنەری كۆمپانیای جێبەجێكاری پڕۆژەی دوو سایدی خەلەكان –دوكان رایگەیاند: "قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێم، بەڵێنی پاڵپشتی دارایی تەواوی پێداوین بۆ تەواوكردنی پڕۆژەكەو بەزووترین كات دەستبەكارەكانمان دەكەینەوە".

ئەمەش لەكاتێكدایە ماوەی هەفتەیەكە دانیشتووانی گوندەكانی سنووری خەلەكان–دوكان بەمەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی و جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان خۆپیشاندانیان دەستپێكردووەو لەگرنگترین داواكارییەكانیشیان دەستپێكردنەوە بەكارەكانی پڕۆژەی دوو سایدی خەلەكان–دوكان و چارەسەركردنی گرفتی كەمی كارەبایە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP