بەبڕیاری قوباد تاڵەبانی پڕۆژەی دوو سایدی خەلەكان–دوكان دەستپێدەكاتەوە و دوای 10 رۆژ لەداخستنیشی ئەمڕۆ رێگای دوكان-رانیە كرایەوە.
سیروان سەرحەد قائیمقامی قەزای دووكان لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: داواكاری خەڵکی سنوورەكە مافی سەرەتایی خۆیانە و پێمان باشبوو لەبری توندوتیژی بەگفتوگۆ كێشەكان چارەسەر بكەین و كۆتایی بەخۆپیشاندان بهێنن.
ئەنجوومەنی گردبوونەوەی سنووری دۆڵی خەلەكانیش لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند: لەلایەن قوباد تاڵەبانییەوە داواكارییەكانمان جێبەجێكراوە و دوای 10 رۆژ لەداخستنی رێگای دووكان-رانییە بەهۆی دەربڕینی ناڕەزایەتیمانەوە، رێگاكە كرایەوە، بۆیە سوپاسی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێم دەكەین داواكارییەكانمانی جێبەجێ كرد و بەڵێنی دەستپێكردنەوەی پڕۆژەكەشی بردەسەر.
ئەمە لەكاتێكدایە، بەبڕیاری قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، بودجەی پێویست بۆ تەواوكردنی پڕۆژەی دوو سایدی خەلەكان–دووكان تەرخان كرا، بۆ ئەو مەبەستەش تیمێكی پێكهێناوە، تاوەكو تاوتوێی پڕۆژە بكەن و لە ئاستەنگییەكان بكۆڵنەوە.
ماوەی هەفتەیەكە دانیشتووانی گوندەكانی سنووری خەلەكان–دووكان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی و جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان خۆپیشاندانیان دەستپێكردووە داوای كارییەكانیشیان دەستپێكردنەوەی كارەكانی پڕۆژەی دوو سایدی خەلەكان–دووكان و چارەسەركردنی گرفتی كەمی كارەبایە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP