لە سێ مانگی كۆتایی ٢٠٢٤دا بڕی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێم كەمیكردووە

کوردستان
16:33 - 2025-01-16

كۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی رایگەیاند، لە سێ مانگی كۆتایی ٢٠٢٤دا رێژەی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان بەرارود بە سێ مانگی پێشووتر كەمیكردووە.

كۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی لە راگەیەنراوێكدا ئاماری نوێی بەرهەمهێنانی نەوتی كۆمپانیاكەی لە هەرێم بڵاوكردەوە و رایگەیاند، لە چارەكی چوارەمی ساڵی ٢٠٢٤دا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی كۆمپانیاكەیان لە هەرێم، رۆژانە ٧٤ هەزار و ١٦٣ بەرمیل نەوت بووە.

ئەوەش بەراورد بە چارەكی سێیەمی هەمان ساڵ بڕی زیاتر لە ١٠ هەزار بەرمیل نەوت كەمیكردووە، بەڵام بەراورد بە بە هەمان كاتی پار نۆ هەزار بەرمیل زیادیكردووە.

راشیگەیاند، پشكی كۆمپانیاكەیان لەو بڕە نەوتەی رۆژانە بەرهەمهێنراوە، ١٧ هەزار و ٤٢٤ بەرمیل نەوت بوو و بەرهەمە نەوتییەكانیان هەر لە ناوخۆی هەرێم فرۆشتووە، چونكە تاوەکو ئێستا بۆری هەناردەكردنی نەوتی هەرێم لە بەندەری جەیهانی توركییەوە داخراوە.

لە مانگی ئازاری ساڵی ٢٠٢٣ـەوە هەناردەی نەوتی هەرێم لە رێگای بەندەری جەیهانی تورکیاوە راگیراوە، سەرەڕای چەندین گفتوگۆش بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، هێشتا دەستی پێ نەکردووەتەوە و حکومەتی هەرێمیش باس لەوەدەکات، راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم زیانی ٢٢ ملیار دۆلاری لە هەرێم داوە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP