ئەنجومەنی نوێنەران یاسا گرنگه‌كه‌ی په‌سه‌ندكرد

عێراق
17:12 - 2025-01-21


ئەنجومەنی نوێنەران دەنگیدا بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی رژێمی بەعس، کە بۆ کورد گرنگییەکی زۆری هەیەو هەزاران دۆنم زەوی داگیرکراو لە ناوچە جێناکۆکەکان دەگەڕێندرێنەوە بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان.

کاروان یاروەیس بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند: "لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا کە 10 بڕگەی لەخۆ گرتبوو، دەنگ درا بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی رژێمی بەعسی رووخاو(مجلس قیاده‌ی سه‌وره‌ی هه‌ڵوه‌شاوه‌)ی رژێمی به‌عس، تایبەت بە داگیرکردنی موڵک و ماڵ لەلایەن عەرەبی هاوردەوە لە ناوچە جێناکۆکەکان".

کاروان یاروەیس وتی:"بەهۆی ئەم بڕیارە گرنگەی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە هەزاران دۆنم زەوی کشتوکاڵی جوتیارانی کورد کە داگیرکرابوون لە کەرکوک و خانەقین و خورماتوو مەندەلی و نەینەوا دەگەڕێندرێنەوە بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان و بەم بۆنەیەشەوە پیرۆزبایی لە هەموو جوتیارانی زوڵم لێکراوی کورد دەکەم، کە چەندین ساڵە زەوییەکانیان داگیرکراوە"،

پرۆژە یاسای بودجە دەنگی لەسەر نەدرا
هاوکات چرۆ حەمەشەریف ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی رایگەیاند: "لەگەڵ پرۆژەی هەڵوەشانەوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی حزبی بەعس کە پرۆژەی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو، پرۆژە یاساکانی باری کەسێتی کە پرۆژەی سوونەکان بوو، لەگەڵ پرۆژە یاسای لێبوردنی گشتی کە پرۆژەی شیعەکان بوو پەسەندکران".

"لەگەڵ ئەوەی بڕیاربوو دەنگ لەسەر هەمواری یاسای بودجە لە کۆبونەوەی ئەنمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەران بدرێت، بەڵام بەهۆی ناکۆکی فراکسیۆنەکان نەتوانرا دەنگ لەسەر پرۆژەکە بدرێت و هەڵگیرا بۆ کاتێکی نادیار"، چرۆ حەمە شەریف وای وت.

لەماوەی رابردوودا چەندین جار ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ دەنگدان بە پرۆژە یاساکانی هەمواری بودجە و گەڕانەوەی مەڵک و ماڵ بۆ خاوەنەکانیان و یاسای باری کەسێتی و لێبوردنی گشتی کۆدەبوەوە، بەڵام نەدەتوانرا پرۆژە یاساکان دەنگیان لەسەر بدرێت و لە کۆبونەوەی ئەمڕۆدا تەنها پرۆژە یاسای بودجە نەتوانرا دەنگی لەسەر بدرێت.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP