ئارنۆڵد بووە مەدریدى !

وەرزش
18:02 - 2025-01-21

ئارنۆڵد بووە مەدریدى !

ئەلیکساندەر ئارنۆڵد بووە بە یاریزانى یانەى ریاڵ مەدرید و لە گواستنەوەى یاریزانان درێسى یانە مەدریدیەکە دەپۆشێت ، ئەم زانیاریانە ڕامۆن ئەلڤارێز دی مۆن، ڕۆژنامەنووسی بەناوبانگی ڕادیۆ مارکا لە کەناڵی تایبەتی خۆی لە یوتیوب ڕایگەیاندوە : ئەلێکساندەر ئارنۆڵد پێشتر گرێبەستی لەگەڵ یانەی ڕیال مەدرید کردووەو چاوەڕوانى ئەوە دەکات ماوەی گرێبەستەکەى کۆتایی پێ بێت و بە شێوەیەکى یەکجارى ماڵئاوایی لە یانەى لیفەرپول بکات و وەک جەنگاوەرى نوێى قەڵاى سپى دەربکەوێت ، رۆژنامەنوسەکە ئەوەشى ووتوە رێکەوتن لەسەر تەواوى ووردەکارییەکان کراوەو گرێبەستەکە واژۆکراوە ، بەمەش لە مێرکاتۆى هاوینە بەرگریکارە ئینگلیزیەکە دەبێتە مەدریدى ، بەمەش ریاڵ مەدرید سەرکەوتوو بووە لە چارەسەرکردنى لاوازى هێڵى بەرگرى و هینانى ئەو یاریزانەى لیفەرپول پاڵپشتى یانەى شاهانە دەکات بۆ ئەوەى باڵى چەپی یاریگا چالاک بکاتەوە ، یەکێک لە خاسیەتە دیارەکانى ئارنۆڵدا ئەوەیە چەندە بەرگرى دەکات هێندەش لە کاتى هێرشەکان جوڵە دەکات و مەترسى بۆ تیپى دژ دروست دەکات .
ئارنۆڵد هەر لەسەرەتاوە خۆى یەکلاى کردەوە کە ریزەکانى یانەى لیفەرپول بەجێدەهێڵێت بە پێچەوانەى ئەلفۆنسۆ دەیفزەوە کە هەمیشە رۆشتنى بۆ ریاڵ مەدرید وەک کارتى فشار بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەى یانەى بایرن میونشین بەرزترین مووچى پێ بدات .
پێشتر زۆرێک لە هەواڵەکان باسیان لەوە کردبوو کە ئارنۆڵد هەموو ئۆفەرەکانی نوێکردنەوەی یانەی لیڤەرپوولی ڕەتکردۆتەوە، بۆ ئەوەی بە خۆڕایی بچێتە ڕیاڵ مەدرید.
بەمەش ریاڵ مەدرید هێزێکى دیکە دەبەخشێتەوە بە هێڵى بەرگرى یانەکە کەلەئێستادا بە خاڵى لاوازى ریاڵ مەدرید دادەنرێت .

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP