قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازیکرد لە سۆومێن باکچی، باڵیۆزی نوێی هیندستان لە عێراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا لەبارەی چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی هیندستان و چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولا گفتوگۆکرا.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی سێ شەمە(28/1/2025) بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە باڵیۆزی نوێی هیندستان کرد و هیوای خواست لە ماوەی کارکردنیدا لە عێراق، ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی هیندستان بەرەوپێشچوونی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.
جێگری سەرۆکوەزیران سوپاسی هاوکارییەکانی حکومەتی هیندستانیشی کرد بۆ هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاوازەکاندا و بە تایبەتیش لە بوارەکانی تەندروستی و راهێنانی پیشەیی و گەشەپێدانی توانا مرۆییەکان و هیوای خواست لە ماوەکانی داهاتوودا هاوکارییەکان بەردەوام بێت.
لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا باس لە پڕۆژەی پەرەپێدانی تواناکانی گەنجان لە بوارەکانی تەکنەلۆژیا و کارسازی کرا. لەمبارەیەوە جێگری سەرۆکوەزیران ئاماژەیدا بە ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی دووەمین کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ کارسازی و داهێنان و روونیکردەوە کە ئامانجیانە شاری سلێمانی ببێتە ناوەندێکی گرنگی پەرەپێدانی تەکنەلۆژیا لە عێراق و ناوچەکەدا. وتیشی لە کوردستان ژمارەیەکی زۆر گەنجی بە توانا و داهێنەر هەن کە لەڕێگەی ئەم پڕۆژەیەوە هەوڵ دەدرێت پەرە بە تواناکانیان بدرێت بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بەشداربن لە پرۆسەی گەشەپێدانی کوردستاندا.
قوباد تاڵەبانی داواشیکرد وڵاتی هیندستان کە خاوەنی ئەزمونێکی سەرکەوتووە لە بواری پەرەپێدانی تەکنەلۆژیادا، لەم ڕووەوە زیاتر هاوکاری هەرێمی کوردستان بکات.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP