وەزارەتی خوێندنی باڵا: زیاتر له‌ 17 هه‌زار مامۆستاو فه‌رمانبه‌ر زه‌وی وه‌رده‌گرن

کوردستان
18:51 - 2025-02-16


وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لیستی ناوی 17 هەزار و 218 مامۆستا و فەرمانبەرەی وەزارەتەکە بڵاودەکاتەوە کە سودمەند بوون لە پێدانی زەوی.

بەپێی راگەیەندراوەکە لە سەرجەم دامودەزگاکانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی (١٧٢١٨) مامۆستاو فەرمانبەر سودمەند دەبن لە وەرگرتنی زەوی لە پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان.

وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "دوا بەدوای بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران و دەرچونی ڕێنمایی وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار بەمەبەستی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و خانەنشینان، بە فەرمانی د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، فەرمانی وەزاری ژمارە (١٣٣٢٨) لە (٢١/ ٧/ ٢٠٢٤) دەرچوو کە تایبەت بوو بە پێکهێنانی لێژنەی تایبەت بۆ دروستکردنی هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار و دامودەزگاکانی خوێندنی باڵا و پێدانی ڕێنمایی بۆ شێوازی پڕکردنەوەی فۆڕمەکان و چۆنیەتی شیکردنەوەی ڕێنماییەکان، سەرئەنجام لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و دامودەزگاکانیدا (١٧٢١٨) فەرمانبەر و مامۆستا سودمەند بون لە وەرگرتنی زەوی، ئەویش بەپێی سنوری پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان.

"لە دوای وەرگرتنی رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار سەبارەت بەو ناوانەی کە سودمەند دەبن لە وەرگرتنی زەوی، لە ئێستادا سەرجەم ناوی سودمەندان بڵاودەکەینەوە بەمەبەستی زانینی سودمەندان لە سەرجەم دامودەزگاکانی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان"، راگەیەندراوەکە وادەڵێت.

تێبینی:
١- گەڕانەوەی ناوی سودمەندان لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار بەپێی کارتی زانیاری بوە، واتە کارتی زانیاری بوەتە بنەما بۆ دابەشکردنی زەوییەکان بەسەر سنوری پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان.

٢- ئەمڕۆ (١٦/ ٢/ ٢٠٢٥) سەرجەم فۆڕمی سودمەندان لە دیوانی وەزارەتەوە ئاراستەی وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار کرا بۆ ئەنجامدانی کاری پێویست لەلایەن پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP