دەوامی قوتابخانەو خوێندنگەو باخچەی ساوایان لەسنووری هەر 10 پەروەردەكەی پارێزگای سلێمانی دەستیپێكردەوەو دوای دوو مانگ و نیو بایكۆتی خوێندن شكا.
بەگوێرەی زانیارییەكان كه لەبەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی دەستكەوتووە، لە زیاتر 300 ناوەند لەسنووری پەروەردەكان خوێندن دەستیپێكردووەتەوە لەكۆی 600 ناوەند، پێدەچێت لەچەند رۆژی داهاتوودا دەست بەخوێندن بكەنەوە.
ئەمەش لەكاتێكدایە لەسەرەتای مانگی 12 ەوەو بۆ ماوەی زیاتر لە 2 مانگ و نیو جگە لە پۆلەكانی ٩ و 12 مامۆستایان بەمەبەستی داواكردنی تەوتینی مووچە و وەرگرتنی شایستە داراییەكانیان لەسنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و گەرمیان، بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندنیان كردووە و بەڕێوەبەرێكیش لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سلێمانی دەڵێت: "مامۆستایان بەبێ هیچ فشارێك و لەپێناو نەفەوتانی خوێندنی ئەمساڵ بڕیاریانداوە دەست بەخوێندن بكەنەوە" .
مامۆستایان بەخواستی خۆیان دەچنەوە هۆڵەکانی خوێندن
پێشتریش بەڕێوەبەرێک لەبەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سلێمانی دەستپێکردنەوەی خوێندنی لەسنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی راپەڕین و گەرمیان بۆ وێبسایتی رەسمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA پشتڕاستیکردبووەوە كه:"مامۆستایان بەخواستی خۆیان و بێ هیچ فشارێکی حکومی و حزبی وەک ئەرکێکی بەرپرسیارانە بڕیاریانداوە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەرگای خوێندنگەکان بکەنەوەو دەست بەخوێندن بکەنەوەو وەک چۆن مامۆستایان پێشەنگ بوون لەداواکردنی مافی مووچەخۆران لەئێستاشدا بەوپەڕی لێبوردەییەوە بڕیاریانداوە رێگە نەدەن خوێندنی ئەمساڵی خوێندکاران بفەوتێت".
پێشتریش بۆ ئەو مەبەستە بەشێک لە مامۆستا و فەرمانبەرانی ناڕازی کە ژمارەیان 13 کەس بوو ، بۆ ماوەی 15 رۆژ مانگرتنیان لەخواردن و خواردنەوە لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لەپارێزگای سلێمانی راگەیاند و خێمەی شکۆیان هەڵدا و دواجار لەڕۆژی 11-2-2025وەک خۆیان وتیان: "لەسەر داوای خەڵک و هاوپیشەکانمان مانگرتنمان شکاند".
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP