بەرەبەیانی 23-2-1988 ئۆپەراسیۆنی ئەنفالی یەك دەستیپێكرد, تاكو شەممە 19-3-1988 بەردەوام بوو، 26 رۆژی خایاند.
ئۆپەراسیۆنەكە بەسەرپەرشتی راستەوخۆی عەدنان خەیروڵڵا وەزیری بەرگریی، عەلی حەسەن مەجید بەرپرسی نوسینگەی باكوری حزبی بەعس، نزارعەبدولكریم خەزرجی سەرۆكی ئەركانی سوپای عیراق.
چەند زانیارییەک لە سەر ئەنفالی یەک:
*٢٠ لیوای سوپای عێراق و ٣٠ فەوجی سەر بە گاردی كۆماری و 110 فەوجی جاش و ژمارەیەك مەفرەزەی تایبەتی جاش بەشدارییان تێدا كرد، کە بە زیاتر لە 100 هەزار چەکدار بوون.
* لە نۆ قۆڵەوە هێرشكرایە سەر گوندەكانی دۆڵی جافایەتی تا مەرگە بە درێژایی 70 كیلۆمەتر(دوكان، بنگرد، چوارتا، قەڵاچوالان، ماوەت، كارێزە, سەرچنار و سورداش).
*بەرەبەیانی 23-2-1988, سوپای عێراقی بە چەكی كیمیاوی لە گوندەكانی چۆخماخ، یاخسەمەر، هەڵەدن، چاڵاو، سەرگەڵو و بەرگەڵویان دا.
* رۆژانی 25 و 26ی شوبات گوندەكانی سەرگەڵو، هەڵەدن، یاخسەمەر و گوێزەلە كیمیاباران كرانەوە.
* لە كیمیابارانەكەی 26 مانگ 8 شەهید و 201 بریندار هەبوون.
دوای كۆتایی قۆناغی ئەنفالی یەك بە چوار رۆژ لە 23-3-1988 جارێكی دیكە بە چەكی كیمیاوی لە گوندی شاناخسێی ناوچەی ماوەتی دا، 22 كەس شەهید بوون و زیاتر لە 720 هاوڵاتی سڤیل و پێشمەرگە بریندار بوون.
*لە پرۆسەی ئەنفالی یەکدا بە گشتی 7 جار دەڤەرەكە كیمیاباران كرا.
*نزیكەی ١٥٠ گوند لەم قۆناغەدا بەر شاڵاوەكە كەوتن و ، هەموو خانوو و مزگەوت و قوتابخانەو نەخۆشخانەكانی رۆخێنران و بەشێك لە خەڵكەكەشی ئەنفالكران.
*لە ئەنفالی یەكدا دەیان كەس دوای بەجێهێشتنی ماڵەكانیان لە رێگا لە ناو بەفر رەقبونەوە.
* زیاتر لە 160 هاووڵاتی سڤیلی تریش لەو شەڕو گەمارۆیەدا كوژران و نزیك 500 كەسیش ئەنفالكران.
"ئەنفالی یەك بە بەیانی رەسمی ژمارە 3087ی فەرماندەیی هێزە چەكدارەكان لە رۆژی شەممە 19-3-1988 كۆتاییهات.
سەرچاوە: دە رێکخراو و بڵاوکراوەی بواری جینوساید
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP