هاوسەرۆكی یەكێتی رایگەیاند:
دەمانەوێت سیستمی لامەركەزی لەهەموو پارێزگاكانی هەرێم جێبەجێ بكرێت نەك تەنیا لە
پارێزگای سلێمانی و سورین لەسەر جێبەجێكردنی ئەو داواكارییە كە مەرجی مانەوەمانە
لەم كابینەیەدا، ئاماژەی بەوەشدا دۆسیەی نەوتی هەرێم شەفافییەتی تێدا نیەو پێویستە
چاكسازییەكی تەواوی تێدا بكرێت و هەڵوێستی یەكێتیش بۆ ئەو مەلەفە بەستنەوەیەتی بە
بەغداوە. دەشڵێت: رێككەوتنی هەرێم و بەغدا میللەتەكەمان لەبرسێتی و دابینكردنی
مووچەی مووچەخۆران رزگار دەكات و رێككەوتنەكەش بۆ چارەسەری چەندین كێشەی ترە
لەسەرویانەوە كێشەی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكانە.
ئەمڕۆ 15ی 3ی 2021 لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی
كوردستان، لە بارەگای مەكتەبی سیاسی لە شاری سلێمانی، لەگەڵ سەرجەم كۆمەڵە و
رێكخراو و سەندیكاكانی سەر بە مەكتەبی رێكخراوە دیموكراتییەكانی یەكێتیی
نیشتیمانیی كوردستان كۆبووەوە.
لەو كۆبوونەوەیەدا كە هەریەك لە د.میران محەمەد لێپرسراوی مەكتەبی
رێكخراوە دیموكراتییەكان و فەهمی بورهان لێپرسراوی بۆردی رێكخراوە پیشەییەكان و
ژینۆ محەمەد لێپرسراوی بۆردی رێكخراوە جەماوەرییەكان ئامادەی بوون، لاهور شێخ
جەنگی دیدگاو بڕیاری سیاسیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانی بۆ ئامادەبووان خستەڕوو
لەسەر كۆی پرسەكانی تایبەت بە دۆخی سیاسی و ئابوریی عێراق و هەرێمی كوردستان و
خۆسازدان بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوو.
هاوسەرۆك لاهور شێخ جەنگی باسی لە نەخشەی سیاسیی عیراق كرد لە
ئێستادا و جەختی لە رۆڵ و پێگەی كورد كردەوە لەو نەخشەیەدا و وتی: ئەمە
بەگرتنەبەری سیاسەتێكی ژیرانەو حەكیمانە دەبێت و لەو رێگەیەشەوە سەنگ و قورسایی
كورد لە بەغدا بەهێز دەكەین، چونكە بەم شێوازی سیاسەتكردنەی كە ئێستا لە هەرێم
دەگوزەرێت زەرەرمەندی یەكەم تیایدا میللەتەكەمان دەبێت.
لاهور شێخ جەنگی ئاماژەی بەگرنگیی رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا
كرد لەسەر بودجەو دووپاتی كردەوە كە رێككەوتنەكەمان تەنیا بۆ بودجە نابێت، بەڵكو
چەندین كێشەی ترمان هەیە لەسەرویانەوە كێشەی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكانە، كە
ئەویش لەڕێگەی پەنابردنەبەر دەستوور و خەباتی سیاسی و پەرلەمانییەوە چارەسەر
دەبێت.
لەو روەشەوە ئاماژەی بە هەوڵ و هەنگاوەكانی یەكێتیی نیشتیمانیی
كوردستان كرد لە بەغدا لەگەڵ لایەنە سیاسییە عێراقییەكان و رایگەیاند: ئەو
هەنگاوانەمان لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیی میللەتەكەمان و رزگاركردنیانە لە برسێتی و
دابینكردنی مووچەی مووچەخۆران.
لاهور شێخ جەنگی باسی مەلەفی نەوتی هەرێمی كرد و رایگەیاند: ئەو
مەلەفە شەفافییەتی تێدا نیی و پێویستە چاكسازییەكی تەواوی تێدا بكرێت و هەڵوێستی
یەكێتیی بۆ ئەو مەلەفە رونكردەوە كە بەستنەوەیەتی بە بەغداوە.
لە بارەی پرسی لامەركەزییەوە جەختی كردەوە كە ئەو پرسە پەیوەندیی
راستەوخۆی بە هەرێمی كوردستانەوە هەیەو وتی: دەمانەوێت لە هەموو پارێزگاكانی هەرێم
جێبەجێ بكرێت نەك تەنیا لە پارێزگای سلێمانی، چونكە لامەركەزی قەوارەی هەرێم بەهێز
دەكات و یەكسانی و هاوسەنگی لە نێوان سەرجەم پارێزگاكان درووست دەكات و لەو
رێگەیەشەوە خزمەتگوزاریی زیاتر و باشتر پێشكەش بە هاووڵاتییانی هەرێم دەكرێت هەر
بۆیە سوورین لەسەر جێبەجێكردنی ئەو داواكارییە كە مەرجی مانەوەمانە لەم
كابینەیەدا.
لە بەشێكی تری وتەكانیدا لاهور شێخ جەنگی باسی دۆخی ناوخۆی یەكێتیی
كردو جەختی لەو سیاسەتە كردەوە لە دوای كۆنگرەوە یەكێتیی پەیڕەوی دەكات بۆ ژیانی
حزبی و رێكخراوەیی كە ئەویش گرنگیدانە بە جەماوەر، چونكە بڕیارەكانی یەكێتیی
هەڵقوڵاوی خواست و داواكارییەكانی جەماوەرە.
دواتر هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بەوردی گوێی بۆ سەرنج
و تێبینی و داواكاری و پرسیاری ئەندام و كادران گرت لە سەرجەم كۆمەڵە و سەندیكاكان
و وەڵامی پێویستی دانەوە، هاوكات سوپاسیكردن بۆ ئەو جۆشوخرۆشەی كە هەیانە بۆ
سەرخستنی حزبەكەیان و خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان، داواشی لێكردن كە بە
گیانێكی هەڤاڵانەوە خۆیان ساز بدەن بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، بە تایبەت لە كەركوك و
ناوچە دابڕێنراوەكان.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP