ئەمڕۆ یەك شەممە 23ی 2ی 2025، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەشداری كۆنفرانسی گفتوگۆی بەغدای کردوو تیشکیخستەسەر پرسە هەنوکەییە ناوخۆیی و عیراقی و هەرێمییەکان و بۆچونی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی لەسەر بارودۆخی هەرێم و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و عیراق، پرسی سوریا و کێشەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا و پەیوەندی یەکێتی لەگەڵ کریستیانەکان خستەروو.
بارودۆخی هەرێم
بافڵ جەلال تاڵەبانی لە کۆنفرانسەکەدا باسی لە ستراتیژی یەکێتی بۆ پرسە ناوخۆییەکانی هەرێم کردوو رایگەیاند: "ئێمە وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر کۆی پرسە ناوخۆییەکان لەهەرێم ستراتیژ و بۆچونی خۆمانمان هەیە و بۆ حکومەتی داهاتووی هەرێمیش جەخت لە وەرگرتنی زۆرترین پۆست ناکەینەوە، بەڵکوو جەخت لە شەراکەتی راستەقینە لەو حکومەتە دەکەینەوە، هەروەها ئامانجمانە پەیوەندییەکانمان لە حکومەتی داهاتوودا لەگەڵ بەغدا باشتر بکەین، بێگومان ئەمەش بە گفتوگۆ دەبێت".
"گەشبینم بۆ داهاتووی حکومەتی هەرێم و ئەرکمانە روبەرووی ئاڵەنگارییەکان ببینەوە، بەڵام دەبێت ئەوەشمان لەیاد نەچێت کە یەکێتی و خەڵکی سلێمانیش دیدگایان جیاوازە و بڕواشمان بە پاراستنی مافی هاووڵاتیان هەیە، هەرچەندە لە ئێستادا خەڵک کێشەی مووچەی هەیە بەڵام هەرگیز یەکێتی رێگری لە داواکاری مافەکانیان نەکردووەو بەپێچەوانەوە پشتیوانیان بووە"، سەرۆک بافڵ وای وت.
ئەوەش دەڵێت: "گرنگە لەسەر پرسی مووچە و بودجە و خەرجی و داهاتەکان پرۆگرامێکی شەفافمان هەبێت، هاوکات لەبارەی پرسی هەژماری من و تەوتینیشەوە ئێمە تەئکید دەکەینەوە کە پێویستە بەبانکیکردنی مووچە هەنگاوی جدیتر بنێت"
هەرێم و عیراق
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆنفرانسەکەدا تیشکیخستەسەر پەیوەندییەکانی نیوان هەرێم و بەغدا و خۆئامادەکردن بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عیراق و رایگەیاند: "گرنگە کورد بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عیراق بەرەیەکی یەکگرتووی هەبێت کە دواجار ئەمەش دەبێتە هاوکاری بۆ براکانمان لەناوچەکانی دیکە، کەبێگومان ئەم پرسەش لەنێوان خۆماندا گفتوگۆمان لەبارەوە کردووە".
"هەڵبژاردنی عیراق زۆر گرنگە، ئامانجمانە بەیەکگرتووی لەبەغدا بین، لەم رێگەیەشەوە دەتوانین باشتر کێشەکانمان لەگەڵ بەغدا و پرسی ناوچەجێناکۆکەکان و ئەو هێرشە درۆنیانەی دەکرێتەسەر کێڵگە نەوت و گازییەکانمان کەناکرێت چاوپۆشی لێبکەین، چارەسەربکەین، هەروەها من فێرکراوم بە راشکاوی سیاسەت بکەم و وەک سەرۆک مام جەلال لەبەرژەوەندی خەڵک بڕیار دەدەم و سیاسەت دەکەم"سەرۆک بافڵ وای وت.
وتیشی: "گرنگە دەستوور بکرێتە بنەمای چارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، بەناوچە جێناکۆکەکانیشەوە، بۆئەمەش بۆچونم وایە کە خەڵک و گەنجەکانمان سەرمایە و سامانی وڵاتن، نەک نەوت و غاز، لەم روانگەیەشەوە دەمانەویت پارێزگاری لە خەڵکەکەمان بکەین".
پرسی سوریا
لەبارەی پرسی سوریاشەوە سەرۆک بافڵ دەڵێت: "کوردەکانی سوریا ئاسودە نین و هاوکات نەتەوەکانی دیکەش بەهەمان شێوەی کوردەکان لە ئێستادا ئاسوودە نین، بۆیە باشترە سەرەتا هەڵسەنگاندن بۆ حکومەتی نوێی سوریا بکەین ئەوسا هاوکارییان پیشکەش بکەین، هەروەها هەرگیز لەگەڵ ئەوەدا نین دەرگای گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەتی نوێی سوریا دابخرێت، بەڵام گرنگە رۆژئاواییەکان پەلەنەکەن لە پیشکەشکردنی هاووکاری بە حکومەتی نوێی سوریا".
"بەبێ گروپەکان لەسوریا گونجاونییە هیچ دەستورێک بۆ ئەو ووڵاتە بنوسرێتەوە، چونکە بیرمان نەچێت کورد و پێکهاتەکانی دیکەش لەو وڵاتەن و پێویستە لە دەستورا مافیان پارێزراو بێت، لەکاتێکدا کوردەکانی سوریا لەگەڵ رۆژئاواو ئەمەریکییەکان دژی تیرۆرستان وەستانەوەو جەنگیان کرد"، بافڵ جەلال تاڵەبانی وای وت.
ئاشتی لە تورکیا
سەرۆک بافڵ ئەوەش دەڵێت: "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەمیشە پشتیوانی لە ئاشتی کردووەو دژی جەنگ بووە، بۆچونمان وابووە کیشەکانی تورکیا بەتوندوتیژی چارەسەر ناکرێت، بەڵام دەکرێت بە ئاشتی چارەسەر بکرێت، چونکە پرۆسەی ئاشتی باشترین بژاردەکانە بۆ تورکیا".
"هاتنی وەفدەکەی ئیمراڵی لە هەفتەی رابردوودا بۆلای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان زۆر بەروونی بۆچونی خۆمان لەسەر ئەو پرسە پێڕاگەیاندون و وەک سیاسەتی هەمیشەییمان پشتیوانیمان لە ئاشتی کردوەو دەرگای جەنگمان داخستووە، چونکە نمونەی دەیان ساڵی رابردوو ئەوەی سەلماندووە کە جەنگ ناتوانێت کێشەکان لە تورکیا چارەسەر بکات"، سەرۆکی یەکێتی وای وت.
ئێران و ئەمریکا
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تیشکیخستەسەر پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا و رایگەیاند: "لەگەڵ ئەوەی ئێران خاوەنی شارستانیەتێکی کۆنە و دەبێت رۆژئاواییەکان لەوە تێبگەن کە کەئێرانییەکان زۆر ژیرن، هاوکات لەگەڵ ئیداری دۆناڵ ترامپیشدا چاوەڕوان دەکرێت دەرگای نوێی گفتوگۆ بۆ ئاشتی لەنیوان ئەو دوو وڵاتەدا بکرێتەوە و سەرەتایەکی نوێ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست ببێت".
"یەکێتی بەراورد بە ئەمریکا و ئێران هێزێکی بچوکە بەڵام دەتوانێت لەگەڵ هەردوولایاندا گفتوگۆ بکات، پرسیارەکە ئەوەیە کەئەوان بۆ ناتوانن پێکەوە گفتوگۆ بکەن و هەوڵبدەن باڵی ئاشتی بەسەر ناوچەکەدا زاڵبێت، هەروەها هەمێشە یەکێتی توانیویەتی دەستپیشخەری بۆ ئاشتی بکات و رێگری بکەین لە رشتنی خوێن لە ناوچەکە، هاوکات ئەوە هێزی یەکێتییە کەدەتوانێت لایەنەکان بهێنێتە سەرمێزی گفتوگۆو هەوڵی چارەسەرکردنی کیشەکان دەدات بەرێگای ئاشتی"، سەرۆک بافڵ وای وت.
یەکێتی و کریستیانەکان
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ کریستیانەکان لەهەرێم و عیراق سەرۆک بافڵ رایگەیاند: "رایان کلدانی هاوڕێیەکی نزیکمە و بەتەمەنێکی کەمەوە توانیویەتی زۆر دەستکەوت بۆ کریستیانەکان بەدەستبهێنێت، بێگومان ئێمەش پشتیوانی بووین، هەروەها گرنگە ئەوەمان لەبیرنەچێت کە رایان کلدانی رۆڵی کارای هەبوو لە روبەروبونەوەی تیرۆر لە عیراق و ئارامکردنەوەی ناوچەکە".
"یەکێتی دەیەوێت کریستیانەکان و هەموو پێکهاتەکانی دیکەی عیراق بە ئاشتی و ئارامی بژین و مافەکانیان پارێزراو بێت، هەروەها کورد دەیەوێت گەمارۆ لەسەر هەندێک لەو کەسانە لاببات کە بەبیانووی جیاجیا گەمارۆیان خراوەتە سەر، کەتا ئێستاش نازانین بۆ رایان کلدانی گەمارۆی خراوەتەسەر"، سەرۆکی یەکێتی ئەوەشی وت.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP