شێخ جەعفەر شێخ مستەفا خەڵاتی رێزلێنانی پێشکەش بەژمارەیەک وەرزشکار کرد

کوردستان
14:25 - 2025-03-08

ئەمڕۆ شەممە 8ی ئاداری 2025 لەڕێوڕەسمێکدا، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، خەڵاتی رێزلێنانی پێشکەش بە چوار وەرزشکاری شاری سلێمانی کرد، بەبۆنەی خانەنشیبوونیان و وەک رێزێک بۆ ئەو خزمەتەی لە ساڵانی رابردوودا پێشکەش بە بواری وەرزشیان کردووە.

لەو رێوڕەسمەدا کە بەئامادەبوونی  جوتیار نوری و هەردە رەئوف بارام سەرۆکی یەکێتی تۆپی سەرمێزی عیراق و ژمارەیەک لە وەرزشکاران ئامادەی بوون، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لە وتەیەکدا، ستایشی رۆڵی وەرزشکارانی کوردستان بە گشتی و ئەو چوار وەرزشکارەی کرد کە دوای خزمەتێکی زۆر خانەنشین بوون و رایگەیاند؛ وەرزشکارانی کورد جێی شانازی میللەتەکەیانن کە سەرباری ئەو بارودۆخە نالەبارانەی بەردەوام بەرۆکی هەرێمی کوردستانیان گرتووە، هاوشێوەی وەرزشکارانی وڵاتانی تر، لێبڕوانە و بەپاڵپشتییەکی سنوورداری دارایی خزمەتی باشیان بە بوارەکەی خۆیان کردووە و لەو چوارچێوەیەدا چەندین ئەستیێرەو پاڵەوانی دیاریان تێدا هەڵکەوتووە، هاوکات سوپاسی ئەو چوار وەرزشکارەی کرد کە لە کاروانی وەرزشی خۆیاندا خزمەتێکی بەرچاویان کردووەو جێی دەستیان دیارە.
پاشان هەڤاڵ لێپرسراوی ئەنجومەن خەڵاتی رێزلێنانی پێشکەش بە چوار وەرزشکارەکە کرد کە پێکهاتبوون لە هەریەک لە بەڕێزان؛  خەسرەو گورون و جەمال حاجی رەشیدو دلێر ئەحمەد سەعید و بڕیار بەهجەت.
دواتریش هەریەک لە هەردە رەئوف بارام و ئەو وەرزشکارانەی خەڵاتی رێزلێنانیان پێشکەشکرا، چەند وتەیەکی کورتیان پێشکەش کرد کە تیایدا باسیان لە رۆڵی شێخ جەعفەر شێخ مستەفا کرد لە پشتیوانیکردن بواری وەرزش و بەدەمەوەهاتنی وەرزشکارانی هەرێم بەگشتی و وەرزشکارانی سلێمانی بەتایبەتی.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP