فراکسیۆنی یەکێتی پێشوازیی له‌ وەفدێکی هاوبەشی هەڵەبجە ده‌كات

عێراق
18:16 - 2025-03-09


فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق پێشوازیی لە وەفدێکی هەڵەبجە دەکات و قائیمقامی هەڵەبجە رایدەگەیەنێت:" پەرۆشییەکی زۆر بۆ بەپارێزگابوونی هەڵەبجە هەیە".

وەفدێکی هاوبەشی  هەڵەبجە سەردانی بەغدای کردو نوخشە ناسیح قائیمقامی هەڵەبجە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیدا لە بارەی ئامانجی سەردانەکەیان رایگەیاند: " وەفدێکی هاوبەشی حکومی و پەرلەمانی و کەسایەتی پارێزگای هەڵەبجە سەردانی بەغدامان کردووە، کە لە چوارچێوەی ئامادەکارییەماندایە بۆ یادکردنەوەی 16ی3، هەروەها بۆ ئەوەیە کە ئەو بەرنامە و پلانانەی هەیە بۆ بە پارێزگابوونی هەڵەبجە بەرەو پێشچوونی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت".

 روونیشی کردەوە:" لەو سەردانەماندا بە ئامادەبوونی پەرلەمانتارانی عیراق لە هەڵەبجە، سەرۆکی پەرلەمانی عیراق و جێگرەکانیمان بینیوە، ئەوان زۆر تێگەیشتیان بۆ بابەتەکە هەبوو، دووپاتیانکردەوە کە پێویستە بخرێتە بەرنامەی کارەوە و دەنگی لەسەر بدرێت، ئەوەشیان پێوتین کە هەموو فراکسیۆنەکان کۆکن لەسەر ئەوەی پرۆژە یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دەنگی لەسەر بدرێت".

قائیمقامی هەڵەبجە ئاماژەی بۆئەوەشکرد" هەڵەبجە هەموو سێکتەرەکان و ژێرخانی هەیە بۆ ئەوەی پارێزگا بێت، تەنها دەنگدانی کۆتایی ماوە، پەرۆشییەکی زۆر بۆ بەپارێزگابوونی هەڵەبجەمان بەدیکرد، لەو باوەڕەدام  پێش 16ی3 مژدەیەکی خۆش دەدەن بە خەڵکی هەڵەبجە".

هەر لە درێژەی هەوڵەکان بۆ بەپارێزگابوونی هەڵەبجە، ئەمرۆ 9ی 3ی2025  هەرێم کەمال ئاغا و د.کەریم شکور سەرۆک وجێگری فڕاکسیۆنی یەکێتی و بەئامادەبوونی ژمارەیەک لە ئەندامانی فڕاکسیۆن پێشوازییان لە نوخشە ناسح قائیمقامی هەڵەبجە و وەفدی هاوڕێی کرد.

لە دیدارەکەدا، باس لە دوا هەنگاوەکانی دەنگدان لە سەر پڕۆژە یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە پێش ۱٦ ـ ۳ کرا وەک قەربوویەکی مەعنوی بۆ گیانی شەهیدان و رێزگرتنەک بۆ کەسوکاری شەهیدان و برینداربووانی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە.

لای خۆیەوە، وەفدی سەردانیکار ستایشی ڕۆڵی فڕاکسیۆنی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان یان کرد و هەوڵەکانیان بۆ پێگەیاندنی پڕۆژە یاساکە و دروستکردنی سازانێکی نیشتیمانی لە نێوان سەرجەم فڕاکسیۆنە پەرلەمانیەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران بەرز نرخاند.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP