یەكێتی یەكەم هێز بوو لە راپەڕیندا چووە ناو دهۆك

کوردستان
11:43 - 2025-03-14

لەدوای چەندین رۆژ لەبەردەوامی راپەڕین وەك زۆربەی شارو شارۆچكەكانی كوردستان، لە رۆژێكی وەك ئەمڕ‌ۆداو لەساڵی 1991، خەڵكی شاری دهۆك بە قارەمانێتی هیزەكانی پێشمەرگەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كەپێش هێزەكانی تر گەیشتنە شارەكە، لەدژی رژێمی پێشووی عیراق راپەڕ‌ین و توانیان لەماوەیەكی كەمدا شارەكە لەڕ‌ژێمی بەعس پاكبكەنەوەو بە تەواوی ئازادی بكەن‌.

مامۆستا نازم عومەر دەباغ پێشمەرگەی دێرینی یەكێتی بە سایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: "كاتێك راپەڕینی ساڵی 1991 لەدەڤەری رانییەوە دەستیپێكرد، هێزەكان بوون بە دوو بەشەوە بەشێكیان بەرەو هەولێرو بەشێكیشان بەرەو قۆڵی شێخان، من بەر قۆڵی شێخان كەوتم و توانیم پێش سەرجەم هێزەكانی تر نزیكی سەعات 2:00 ی پاشنیوەڕۆ لەگەڵ هاوسەنگەرەكانم بگەمە ناو دهۆك، خەڵك راپەڕین و دوای چەند سەعاتێك لەلایەن هێزەكانی ترەوە هاوكاری كراین".

"كاتێك بروسكەمان نارد بۆ نەوشیروان مستەفا و پێمان وت ئێمە وەكو یەكەم هێز چوینەتە ناو شاری دهۆكەوە، نەوشیروان مستەفا لەگەڵ مەسعود بارزانی لەقاسمەڕەش پێكەوە بوون و مەسعود بارزانی بە نەوشیروان مستەفای وتبوو هێزەكەی تۆ رێگەكەیان كورت كردووەتەوە"، مامۆستا نازم وایوت.

بەرەبەیانی 14ی ئادار راپەڕین لە گەڕەكی بەرۆشكی دەستیپێكردو هێزە پارتیزانەكان چوونە ناو دهۆك و لەگەڵ جەماوەردا دەستیان بەسەر دامودەزگا سەربازی و ئەمنییەكاندا گرت.
رێكخستنە نهێنییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەماهەنگییەكی توندوتۆڵیان لەگەڵ پێشمەرگە پارتیزانەكان دروستكردبوو كە ئەوەش لە ئەنجامدا بووە هۆی ئەوەی رۆڵێكی كارا لە شەڕەكانی ناو دهۆكدا بگێڕن.
پاش كۆنترۆڵكردنی تەواوی دهۆك مامۆستا نازم عومەر دەباغ بروسكە بۆ نەوشیروان مستەفا دەكات، كە هێزەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان گەیشتوونەتە ناو دهۆك و رۆژی دواتریش هێزەكانی پارتی لەلای فایدەوە دەچنە ناو شاری دهۆك.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەندازیار و پلاندانەری راپەڕ‌ین بوو، چونكە پێش راپەڕ‌ین لەسەر داوای یەكێتی جەبهەی كوردستانی پێكهێنراو راپەڕ‌ین دەستیپێكرد، لەرێی رێكخستنەكانی ناوشاریشەوە ئامادەكاری تەواوی كرد بۆ راپەرین لە سەعاتی سفرداو ئێزگەی دەنگی گەلی كوردستانیش سەرچاوەی گەیاندنی كۆدەكانی راپەڕ‌ین بوو، بۆیە شانەچەكدارەكان بە كردنەوەی كۆدەكانیان هەڵمەتەكانیان دەستپێكردو راپەڕین سەریهەڵدا.

سەرچاوەكان:
-پانۆرامای راپەڕین 1991
-راپەڕینی ئاداری 1991 لە باشوری كوردستان 
-بروسكەنامە
-تۆڕی پەیوەندییەكانی پێشمەرگە لەشاخ (سندوقە رەشەكەی پێشمەرگە)   

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP