ئەمڕۆ شەممە ١٥ی ئادار ٢٠٢٥ لەمەراسیمێکدا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران بە ئامادەبوونی دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، بەردی بناغەی پڕۆژەی پردی (تەنگی سەید محەمەد) لە پارێزگای هەڵەبجە دانا.
سەرەتای مەراسیمی راگەیاندنی پرۆژەکە بەساتێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستیپێکرد و دواتر دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن وتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند:" سبەینێ ساڵیادی کیمیابرانکردنی هەڵەبجەیە، لێرەوە سەری رێز و نەوازش بۆ شەهیدان دادەنەوێنم و هیوادارم زیاتر خزمەتی خەڵکی ئەم شارە قوربانیدەرە بکەین".
"ئەم پرۆژەیە یەکێکە لەداواکارییەکانی دانیشتوانی هەڵەبجە و رێگایەکی تر بەڕووی هاووڵاتیاندا دەکاتەوە، ئومێدەوارم لەم دۆخە داراییەدا بتوانین خزمەتی زیاتری هەڵەبجە بکەین".
پڕۆژەی پردی (تەنگی سەید محەمەد) پارێزگای هەڵەبجە بە گەرمیانەوە دەبەستێتەوە و لەسەر روباری سیروان، بەتێچووی زیاتر لە ٢٦ ملیار دروستدەکرێت و درێژی پردەکە ٦٩٠ مەترە، کاتی دروستکردنەکەی ٩٠٠ رۆژی دەوێت و ستافێکی شارەزای بۆ دابینکراوە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP