سەعدی ئەحمەد پیرە: كیمیابارانكردنی هەڵەبجە كارەساتێكی گەورەبوو

کوردستان
13:02 - 2025-03-16

سەعدی ئەحمەد پیرە رایدەگەیەنێت: "كیمیابارانكردنی هەڵەبجە كارەساتێكی گەورەبوو و جیهانی وەئاگاهێنا، بۆیە پێویستە وانەی لێوەربگرین و پارێزگاری لەبوونی خۆمان بكەین و تواناكانمان بخەینەگەڕ بۆ رێگریكردن لەدووبارە بوونەوەی كارەساتی لەمشێوەیە".

لەمەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەهەولێر، مەڕاسیمێك بۆ یادی 37 ساڵەی كارەساتی كیمیابارانكردنی شاری هەڵەبجە بەڕێوەچوو و سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەكێتیش رایگەیاند: "كیمیابارانكردنی هەڵەبجە كارەساتێكی گەورەبوو و توانرا بگەیەنرێتە پایتەختی وڵاتانی دونیا، ئەمەش هەموو جیهانی وەئاگاهێناو دەنگی ناڕەزایەتی بەرز بووەوە، هاوكات وەرچەرخانێكی گەرورە بوو لەشۆڕش و مێژووی كورددا".

راشیگەیاند: "بە كیمیابارانكردنی شاری هەڵەبجە سەدام حسێن و رژێمی بەعسی لەناوچوو بزمارێكی دیكەی لەتابوتی خۆیداو بووە هۆی ئەوەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەئەندام قبوڵی نەكات" وتیشی: "یادكردنەوەی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە بۆ ئەوەیە هەموو تواناكانمان بخەینەگەڕ بۆ رێگریكردن لەدووبارە بوونەوەی كارەساتی لەم جۆرە".

سەعدی ئەحمەد پیرە وتیشی: "ئەركی حكومەتی عیراقی فیدراڵە قەرەبووی زیانلێكەوتووان و كەسوكاری شەهیدانی هەڵەبجە بكاتەوەو سەنتەرێكی توێژینەوەی تەندروستی بۆ چارەسەركردنی كاریگەرییەكانی كیمیایی لەسەر خاك و ئاو بەروبومی هەڵەبجە دابمەزرێنێت، چونكە تاوەكو ئێستا كاریگەری ئەو چەكە لەسەر بەركەوتووان و ژینگەی هەڵەبجە هەرماوە".

وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەوەشی راگەیاند: "كیمیابارانكردنی شاری هەڵەبجە كارەساتێكی گەورەیەو پێویستە وانەی لێوەربگرین و پارێزگاری لەبوونی خۆمان و خەڵكی خۆمان بكەین".

ئەمڕۆ 37 ساڵ بەسەر كارەساتی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەدا تێپەڕدەبێت كە رۆژی 16-3-1988 رژێمی لەناوچوو كیمیابارانی شاری هەڵەبجەی كردو پێنج هەزار كەس لە منداڵ و ژن و پیاو و پیر و گەنج شەهیدبوون، ژمارەیەكی زۆریش ئاوارەی سنوورەكانی ئێران بوون، ئەمە جگە لەوەی چەندین كەس بەو چەكە برینداربوون و تا ئێستاش بە ئازارەكانیانەوە دەناڵێنن.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP