چین به‌ بڕیارێك رووبه‌ڕووی ئه‌مریكا ده‌بێته‌وه‌

جیهان
17:13 - 2025-04-09


لەكاردانەوەی بڕیارەكانی سەرۆكی ئەمریكا، حكومەتی چین بڕیاری دا به‌ رێژه‌ی له‌ 84% گومرگ بخاتە سەر كاڵای ئەمریكی، بەوەش گوێیان بە هەڕەشەكانی ترەمپ نەدا و دەڵێن، داوای یاسایی تۆمار دەكەین و ئامادەین بۆ جەنگ.

ئەمڕۆ حكومەتی چین بڕیاری دا به‌ رێژه‌ی له‌ 84% گومرگ بخاتە سەر كاڵای ئەمریكی، لەكاتێكدا پێشتر تەنها له‌ 34% گومرگی خستبووە سەر كاڵای ئەمریكی و بڕیارەكەش لەسبەینێ 10-4-2025 ەوە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

هاوكات حكومەتی چین 12 كۆمپانیای ئەمریكی خستووەتە ناو لیستی رێوشوێنی توندی هەناردەكردنەوەو دەشڵێت: "لەڕێكخراوی بازرگانی نێودەوڵەتی داوای یاسایی دژی ئەمریكا تۆمار دەكەین".

بڕیارەكانی هەریەك لە وڵاتانی ئەمریكاو چین، وایكردووە سەرجەم پشكی كۆمپانیا ئەوروپییەكان لەبازاڕەكانی ئەوروپا بەڕێژەی 4% دابەزین و گرێبەستی پشكی كۆمپانیا ئەمریكییەكانیش بەڕێژەی 0.7% دابەزی".

ئەمەش لەكاتێكدایە، سەرۆكی ئەمریكا هەڕەشەی خستنەسەری باجی زیادەی لە چین كرد بەرێژەی 104% ، كە ئەمڕۆ چوارشەممە 9-4-2025 بڕیارەكە یەكلایی بووەوە، لەبەرامبەردا چین رایگەیاند، ئەو فشارو هەڕەشانەی ترەمپ كارێكی هەڵەیەو چین كاردانەوەی زیاتری دەبێت بەرامبەر كاڵای ئەمریكی.

پێشتریش بەدیاریكراوی رۆژی 2ی4ی2025  دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا پێناسی گومرگی بەسەر هەموو كاڵایەكدا سەپاند كە هاوردەی ئەمریكا دەكرێت و رایگەیاند:"چیدیكە رێگە بە وڵاتان نادەن لەسەر حسابی ئەمریكا خۆیان دەوڵەمەند بكەن"، كەلەنێوانیاندا چین زۆرترین باجی خرایە سەرو لەكاردانەوەیدا هاوشێوەی ئەمریكا باجی زیاتریان خستەسەر كاڵا ئەمریكییەكان و جارێكیتر لەكاردانەوەدا دووبارە ئەمریكا هەڕەشەی خستنەسەری باجی دوو هێندەی لەسەر كاڵای ئەو وڵاتە كرد و ئەمڕۆ چووە بواری جێبەجێكردنەوە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP