كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عیراق دەستی کردووە بە تۆمارکردنی ئەو حزب و هاوپەیمانێتیانەی کە دەیانەوێت بەشداری هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بکەن، وتەبێژەکەشی ئاشکرای دەکات:" ژمارەی لایەنە سیاسییە تۆماركراوەكان 300 حزب و 60هاوپەیمانییە".
جومانە غەلای وتەبێژی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بە وێبسایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی راگەیاند:" ئەو حزب و هاوپەیمانێتیانەی دەیانەوێت بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بکەن، ئەوا پێویستە سەردانی بەشی کاروباری حزبەکان لە کۆمسیۆن بکەن".
"پێناچێت هەموو ئەو حزب و هاوپەیمانێتیانەی لای کۆمسیۆن تۆمار کراون، بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن، بۆیە ئەوانەی ویستی بەشداریان هەیە، پێویستە جارێکی دیکە سەردانمان بکەن و خۆیان تۆمار بکەنەوە"، جومانە غەلای وایوت.
دەربارەی ژمارەی حزب و هاوپەیمانێتیەکانیش، وتەبێژی کۆمسیۆن ئاشکرای کرد:" ژمارەی لایەنە سیاسییە تۆماركراوەكان 300 حزبە، داواشیان لێکراوە بۆ مەبەستی نیشاندانی ویستی بەشداریان سەردانی کۆمسیۆن بکەن، هەروەها ژمارەی هاوپەیمانییە سیاسییە تۆماركراوەكانیش 60 هاوپەیمانێتیە ".
لە کۆتایشدا، جومانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند:" ئەو هاوپەیمانییانەی پێشتر تۆماركراون و هیچ گۆڕانكارییەكیان بەسەردا نەهاتووە،ئەوا دەتوانن ڕاستەوخۆ پەیوەندییان پێوە بکەن و خۆیان تۆمار بکەن، بەڵام ئەو هاوپەیمانییانەی كە گۆڕانكارییان بەسەردا هاتووە، یان هاوپەیمانی نوێن، پێویستە رێکارەکان تەواو بکەن، ئەم قۆناغەش لە 15ی4 دەستیپێكردووە و تا 4ی 5 بەردەوام دەبێت، کۆمسیۆنیش ئامادەیە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە کاتی خۆیدا بەڕێوەببات ".
ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، رۆژی 9ی4ی2025 لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، رۆژی 11ی11ی2025ی وەک رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران دیاریکرد.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP