حوسییەکانی یەمەن، کوژرانی 38 کەس و برینداربوونی
زیاتر لە 100 کەسی دیکەیان لە ئەنجامی بۆردوومانێکدا بۆ سەر بەندەری نەوتی
"رەئس عیسا" لە پارێزگای حودەیدە لە کەناری دەریای سوور راگەیاند،
ئەمریکاش هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت.
کەناڵی تەلەفزیۆنی "ئەلمەسیرە" کە سەر
بە حوسییەکانە، پشتبەستوو بە فەرمانگەی تەندروستی لە حودەیدە بڵاویکردەوە، لە
ئەنجامی بۆردومانەکانی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوەی نەوتی رەئس عیسا، 38 کرێکار و
کارمەند کوژراون و 102 کەسی دیکەش برینداربوون".
لای خۆیەوە سوپای ئەمریکا بڵاویکردەوە، هێرشی سەر
بەندەری سوتەمەنی رەئس عیسا بە ئامانجی بڕینی سەرچاوەی "داهات"ـی
حوسییەکان کراوە .
لەو بارەیەوە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا
"سێنتکۆم" رونیکردەوە هێزەکانی ئەمریکا رێکاریان بۆ نەهێشتنی سەرچاوەی
سوتەمەنی حوسییەکان گرتووەتەبەر بە ئامانجی بێبەشکردنیان لە "داهاتی
نایاسایی" کە زیاتر لە 10 ساڵە بووەتە پاڵپشتییەک بۆ حوسییەکان.
سێنکتۆم دەشڵێت "ئامانج لەم هێرشانە
لاوازکردنی سەرچاوەی ئابووریی حوسییەکانە".
واشنتن لە 15ـی ئازارەوە بەشێوەی نیمچە رۆژانە
حوسییەکان دەکاتە ئامانج، ئەمەش لە هەوڵێکدایە بۆ کۆتاییهێنان بە هێرشەکانیان بۆ
سەر کەشتییە بازرگانی و سەربازییەکان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP