ئەمڕۆ 127 ساڵ بەسەر دەرچوونی یەکەم رۆژنامەی کوردیدا تێپەڕدەبێت

کوردستان
10:44 - 2025-04-22

127 ساڵ لەمەوبەر رۆژنامەی “كوردستان” وەك یەكەم رۆژنامەی كوردی دەرچوو و بووە هەوێنی لەدایكبوونی سەدان رۆژنامە و كەناڵی راگەیاندن لە هەر چوار پارچەی كوردستان.
رۆژی 22ی نیسانی ساڵی 1898 یەكەم رۆژنامەی كوردی لەلایەن میقداد مەدحەت بەدرخان بەناوی رۆژنامەی كوردستان لەشاری قاهیرەی پایتەختی میسر بڵاوكرایەوە.
مێقداد مدحەت بەدرخان لە یەكەمین ژمارەی رۆژنامەی كوردستاندا دەڵێت: من رۆژنامەیەكم بە ناوی كوردستان دەركرد، ئامانجم لەم كارە ئەوەیە گەلی كورد لە بوارەكانی كلتوری، سیاسی، زمان، ئابوری و زانستەوە هۆشیار بكەمەوە.
رۆژنامەی كوردستان سەردەمی خۆی لە رووی هزری نەتەوەییەوە رۆلێكی بەرچاوی بینی و هەر چەندە بە زمانی كوردی–كورمانجی دەردەكرا و لە رووی دارشتن و رێزمانی كوردییەوە زۆر پێشكەوتوو نەبوو، بەڵام بەو دەرفەتە كەمە و سەرباری فشارەكانی دەوڵەتی عوسمانی تاوەکو 19ی نیسانی 1909 بەردەوام بوو و توانرا 31 ژمارەی لە چەند شوێنێكی جیاواز لێ دەربکرێت، ڕۆژنامەکە 15 ڕۆژ جارێک دوو هەزار دانەی لێ چاپ دەکرا و بەخۆڕایی دابەش دەکرا. دواتر لەلایەن دەوڵەتی عوسمانیەوە داخرا.
پەرلەمانی کوردستان ڕۆژی 21-4-2021 بە بڕیاری ژمارەی چوار، ڕۆژی 22ـی نیسانی هەموو ساڵێکی وەک ڕۆژی ڕۆژنامەگەری دەستنیشان کرد.

 

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP