سەرۆک بافڵ: وەک هەمیشە هاوکار دەبم بۆ فراوانکردنی پانتایی ئازادی رادەربڕین
بەبۆنەی یادی 127 ساڵەی دەرچوونی یەکەمین رۆژنامەی کوردی بەناوی 'کوردستان'ـەوە لە دڵەوە پیرۆزبایی لە هەموو ئەو راگەیاندنکار و رۆژنامەوانانە دەکەم کە پیشەییانە شانیان داوەتەبەر بەجێگەیاندنی ئەرکی میدیایی و وەک خامەیەکی سەنگین و بوێر و ئازا خزمەتی رەوتی رۆژنامەگەریی کوردی و گەلەکەمان دەکەن.
وەک هەمیشە هاوکار و پشتیوان دەبم بۆ فراوانکردنی پانتایی ئازادی نووسین، رەخنەگرتن و ئازادی رادەربڕین کە پایەیەکی سەرەکی پێشکەوتنی هەرێمەکەمان و کۆمەڵگەی کوردین.
لەم رۆژەدا رۆژنامەوانان دڵنیادەکەمەوە کە بەهەموو توانامەوە رێگردەبم لە بەرتەسکردنەوەی کاری رۆژنامەوانی و پێشێلکردنی مافی رۆژنامەوانان. دووپاتیدەکەمەوە کە دەبێت لايهنه پهيوهنديدارهكان بەپێی یاسای رۆژنامەگەری مامەڵە لەگەڵ هەر كهيسێكى رۆژنامەوانيدا بکەن.
داواکاری من لە رۆژنامەوانانی بەڕێز ئەوەیە کاری لەپێشینەیان پاراستنی ئاشتیی كۆمەڵایەتی بێت و ببنە پارێزهرى بهرژهوهنديی خەڵکە خۆشەویستەکەمان. ئەرکی رۆژنامەوانانە پیشەییانە و بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ پرس و رووداوەکاندا بکەن و کارەکەیان تێکەڵی رقی کەسی و حیزبی نەکەن و هەڵگری قەڵەمێكی راستگۆ و بوێربن.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
رفعەت عەبدوڵا : پیرۆزبای ئەم یادە پڕشکۆیە ڕۆژنامەنوسان و ڕاگەیاندنکارانی کورد دەکەم
لەساڵیادی ڕۆژنامەگەری کوردی و(١٢٧)سالەی دەرچونی یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی لەقاهیرەی پایتەختی میسر لەسەردەستی میقداد مەتحەت بەدرخان
بەگەرمی پیرۆزبای ئەم یادە پڕشکۆیە لەتەواوی ڕۆژنامەنوسان و ڕاگەیاندن کاران ومیدیاکارانی کورد دەکەم ،ئومێد دەکەم لەم یادەدا هەموومافەکانی رۆژنامەنوسان وڕاگەیاندنکاران بێتەدی دەستخۆشی لەتەواوی رۆژنامەنوسانیش دەکەم کەرۆڵی گەورەیان هەبوە لەگەیاندنی ئێش وئازارەکانی گەلەکەمان و راستگۆیانەو بەرپرسانە مامەڵەلیان لەگەڵ دۆخ وپێشهاتەناوخۆی ودەرەکیەکان کردوە ،بێگومان زەمینەی ئازادی لە چوارچێوەی ئیتیکی ڕۆژنامەوانیدا هۆکارێکی گرنگە بۆ گەشەی کاری ڕۆژنامەوانیتان، لەم روەشەوە ئێمە وەک یەکێتی پشتیوانتانین.
درود بۆگیانی پاکی هەموو ئەورۆژنامەنوس وراگەیاندکارانەی لەژیاندانەماون
جارێکی تر پیرۆزە ئەم یادە
رفعەت عبدوڵا حەمە رەش
ئاسۆ مامەند: پیرۆز بێت (١٢٧) ساڵەی یادی ڕۆژنامەگەری کوردی
ئاسۆ مامەند سەرپەرشتیاری کەرکوک_سەڵاحەدینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەبۆنەى (١٢٧) ساڵەی یادی ڕۆژنامەگەری کوردی پەیامێکى پیرۆزبایی بڵاودەکاتەوە
ئاسۆ مامەند دەڵێت :بەبۆنەی (١٢٧) ساڵەی یادی رۆژنامەگەری کوردیی و دەرچوواندنی یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی (کوردستان) لەلایەن میقداد مەدحەت بەدرخان، جوانترین پیرۆبایی لە ڕۆژنامەنووسان و ڕاگەیاندنکارانی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان دەکەم، و هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی زیاتریان بۆ دەخوازم.
وتیشى: جێگەی خۆشحاڵییە کە دەبینین بزاوتی ڕۆژنامەگەری کوردی و بیروڕای ئازاد لە گەشەسەندنی بەردەوامدایە، بۆ ئەوەش پێویست دەکات ژینگەیەکی لەبارتر بۆ رۆژنامەنووسان و راگەیەندنکاران دەستەبەر بکرێت، تاوەکو بتواندرێ لە چوارچێوەی یاسا و ئیتیكی ڕۆژنامەگەری کار و ئەرکەکانی خۆیان باشتر راپەڕێنن، دەبێت دەزگاکانی راگەیاندن و رۆژنامەنووسان لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان کاری زیاتر بکەن لە پێناو پاراستنی ئاشتیی كۆمەڵایەتی و گیانی پێكەوەژیانی نێوان پێکهاتەکان، هەروەک ببنە چاودێریکی چالاک بەسەر دەسەڵاتدا، هەروەها بەرپرسانەش مامەڵە لەگەڵ دۆخی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکاندا بکەن.
لەکۆتایداشدا دەڵێت: لە یادی رۆژنامەگەری کوردیدا، سڵاو لە میقداد مەدحەت بەدرخان و ئازادیخوازانی رێی رۆژنامەگەری، دووبارە ئەم یادە لە رۆژنامەنووسان و راگەیاندنکاران پیرۆزبێت.
رێبوار تەها: ئەم ساڵوەگەڕە لە هەموو ڕۆژنامەنووسانی کورد پیرۆز بێت
بە بۆنەی ١٢٧ ساڵەی ڕۆژنامەگەری کوردی، کە هاوکاتە لەگەڵ دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی بە ناوی (کوردستان)، پیرۆزبایی لە ڕۆژنامەنووسانی کورد و دەزگا ڕاگەیاندنەکانیان دەکەین، هیوای سەرکەوتن و بەردەوامیان بۆ دەخوازین، پشتیوانی خۆمان بۆ ڕۆژنامەنوسان دووپات دەکەینەوە لەپێناو زامنکردنی مافەکانیان و دابینکردنی ژینگەیەکی لەبار بۆ کارکردنیان و ئاسانکاریی كردن بۆ راییکردنی ئەرکەکانیان..
دووبارە ئەم ساڵوەگەڕە لە هەموو ڕۆژنامەنووسانی کورد پیرۆز بێت.
ڕێبوار تەها
پارێزگاری کەرکوک
پەیامی جێگری سەرۆکی هەرێم لە ساڵیادی رۆژنامەگەریی کوردیدا
رۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی رۆژێکە لە ٢٢ی نیسانی هەموو ساڵێک یادی دەکرێتەوە، ئەمڕۆ (١٢٧) ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر دەرچوونی یەکەمین رۆژنامەی کوردی بە ناوی رۆژنامەی (کوردستان)، لە هەمان کاتدا ساڵیادی دامەزراندنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستانە، بەم بۆنەیەوە پیرۆزباییەکی گەرم لە سەرجەم رۆژنامەنووسان دەکەم، هیوای سەرکەوتنیان لە کاری رۆژنامەوانیی و میدیایی بۆ دەخوازم.
لەم بۆنەیەدا، بە بایەخەوە لە کار و چالاکییەکانی بواری رۆژنامەگەریی و ڕۆشنبیرانی هۆشیار و بوێر دەڕوانین، چونکە بوار ڕەخساندن بۆ نووسەر و میدیای ئازاد گوزارشتە لە هەبوونی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و خاوەن هێز و ئیرادە، لەهەمان کاتدا یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی حوکمڕانی باش، لەم سۆنگەیەوە بە پێویستی دەزانم هیچ ڕێگرییەک نەمێنێت لە بەردەم بەرەوپێشچوونی کاری رۆژنامەگەریدا و بواریان پێبدرێت وەک دەسەڵاتی چوارەم لە هەرێمەکەمان ڕۆڵی ڕاستگۆیانەی خۆیان ببینن، بۆ ئەوەی سیمایەکی جوانتر لە ڕووی دیوکراسییەوە نیشانی جیهان بدەین.
هیوادارم کاری رۆژنامەگەریی و راگەیاندنکاری پیشەییانە لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکان و پێوەرە نێودەوڵەتییەکاندا گەشەی زیاتر بەخۆیەوە ببینێ، هەروەها دوور لە ململانێ سیاسییەکان و بەرتەسککردنەوەی کاری رۆژنامەوانی بواری زیاتریان بۆ بڕەخسێنرێت، لەپێناو گەیاندنی راستی و دروستیی بابەتەکان و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەدا.
لە کۆتاییدا، بەوپەڕی ڕێز و شکۆ و پێزانینەوە یادی ئەو رۆشنبیر و خاوەن قەڵەمە بوێرانە دەکەینەوە کە لە ڕێگای کاروانی رۆژنامەگەریدا گیانی خۆیان کردە قوربانی خاک و نیشتیمان، سڵاو لە گیانی پاکیان بێت و یاد و یادەوەرییەکانیان بۆ هەمیشە بە زیندوویی لە بیرماندا دەمێنێتەوە.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان
٢٠٢٥/٤/٢٢
مەکتەبی سیاسی ی.ن.ک پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی رۆژنامەنووسانی کوردستان دەکات
مەکتەبی سیاسی (ی.ن.ک) پەیامێکی پیرۆزبایی
ئاڕاستەی رۆژنامەنووسانی کوردستان دەکات و رایدەگەیەنێت: پشتیوانی بۆ رۆژنامەنووسانی وردبین و راستبێـــژ و پشتبەستوو بە سەرچاوەی هەواڵ دووپاتدەكەینەوە.
بۆ ساڵیادی 127 ساڵەی رۆژنامەگەری كوردی مەکتەبی
سیاسی (ی.ن.ک) لە پەیامێکدا دەڵێت، گەرمترین پیرۆزبایی لە رۆژنامەنوسانی كورد و لە کایەی میدیایی
کوردستان دەكەین كە توانیویانە لێبڕاوانە گەشە بەو بوارە بدەن.
دەشڵێت، ئەگەرچی كاروانی رۆژنامەگەریی كوردیی لە
سایەی داگیركەراندا چەندین ساڵی سەختی لە هەرەشەی داخستن و راوەستان بینیوە،
بەڵام لە پاش راپەرینی ساڵی 1991وە دەتوانرێت بوترێت رۆژنامەگەریی كوردیی جۆرێك لە بەرفراوانبوونی ئازادییەكانی بە خۆوەبینی و
خۆشبەختانە تا ئێستاش بەردەوامە.
راشیگەیاندووە، یەكێتیی هەر لەسەردەمی خەباتی شاخەوە گرنگییەكی بەرچاوی بە دابینكردنی ئازادی بۆ رۆژنامەگەریی و روناكبیری داوە و دروشمی (نان و ئازادی) پڕاو پڕ جێبەجێكردووە، بۆیە لە پاش راپەرینەوە لەسەر هەمان دیدی سەرۆك مام جەلال،
گشت هەوڵێكی خستۆتە گەڕ بۆ
بەرفراوانكردنی ئازادییەكانی رۆژنامەگەری.
مەکتەبی راگەیاندن: لەیادی رۆژی رۆژنامەگەریی کوردی پیرۆزبایی لە رۆژنامەنووسان و راگەیاندنکاران دەکات
مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان : لەیادی رۆژی رۆژنامەگەریی کوردی و ١٢٧ ساڵەی دەرچوواندنی یەکەمین رۆژنامەی کوردی ( کوردستان ) لەسەر دەستی میقداد مەدحەت بەدرخان ،لە قاهیرەی پایتەختی مسر، لەدڵەوە پیرۆزبایی گەرم لە رۆژنامەنووسان و راگەیاندنکارانی کورد دەکەین کە پیشەییانەو لێبڕاوانە لەخزمەتکردن بە رەوتی رۆژنامەگەری و فراوانکردنی پانتایی ئازادی رادەربڕین و ئازادی نووسین خزمەتیان کردوەو بەردەوام لە
کارکردن .
ئێمە لە مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیاری لەسەر هەمان بیروباوەڕ و رێبازی کوردایەتی سەرۆک مام جەلال و پابەندن بە بنەماکانی پیشەیانەی راگەیاندن و دیموکراسی ، پشتیوانی و هەماهەنگی ئەهلی قەڵەم و نووسین و میدیاکارانین و وەک هەمیشە لەگەڵیان دەبین بۆ نەهێشتی ئاستەنگەکانی بەردەم کاری رۆژنامەوانی و هەموو هەوڵێک دەدەین تا یاسای کاری رۆژنامەگەری و مافی بەدەستخستنی زانیاری باشتر جێبەجێ بکرێت یان هەمواربکرێتەوە بە ویستی رۆژنامەنووسانی ئازاو ئازاد و پێشخستنی ئەزموونەکەمان
یادی رۆژنامەگەریی كوردی لەكاتێكدایە، كە راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە روماڵی هەواڵ و رووداوەكاندا، بە سەنگینی و بەرپرسانە مامەڵە دەكات و لە بازنەی گوتارێكی شێنەیی كوردانە و نیشتمانیانە پەیامەكانی ئاراستە دەكات و ئەرکی راستەقینەی خۆی بێ گوێدانە هەموو ئەو مەرامانەی راگەیاندن لەئەرکە راستەقینەکەی دوردەخاتەوە ،! راستگۆیانە و بەرپرسیارانە زانیارییەکان وەک خۆی دەگەیەنین و لەدوایین بڕیاریشمان بۆ خۆلادان لە بڵاوكردنەوەی هەواڵەكانی مەرگ و مردن نیشانەی ئەوپەڕی بەرپرسیاریەتی كۆمەڵایەتی و ئاكارییە.
رۆژی رۆژنامەگەری لە رۆژنامەنووسانی کوردستان پیرۆزبێت ، هیوادارین هەموولایەکمان هاوکاربین ، بۆ یەکخستنی هەوڵەکانمان بۆ رەخساندنی زەمینەی لەبارتر بۆ ئازادی رۆژنامەگەری سەنگین و بەرپرسیار .
پەیامی ئەنجومەنی پیشتیوانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ یادی رۆژنامەگەری کوردی
لە یادی (١٢٧) ساڵەی رۆژنامەگەری کوردی پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی سەرجەم رۆژنامەنووسانی کوردستان بە گشتی دەکەین خوازیارین هەمیشە وشەی کوردیی ئاوێتەی کایەی رۆژنامەگەری بێت و برەوی زیاتری پێ بدرێ، هەروەک بزاوتی رۆژنامەگەریش لە گەشە و پێشکەوتنی بەردەوامدا بێ.
ئومێدەوارین وەک هەمیشە رۆژنامەنووسان ئازادانە و ئازایانە قەڵەمەکانیان بخەنە گەڕ لە پێناو خستنەڕووی کەم و کورتییەکان بە ئامانجی چارەسەرکردن و پێشخستنی تەواوی سێکتەرەکانی ژیان راشی دەگەیەنیین وەک چۆن لە رابردودا پشتیوان و هاوکاری بزاوتی رۆژنامەگەری و قەڵەمی ئازاد بوین ئاواش لە ئێستادا و بۆ داهاتووش بەردەوام دەبین.
دوبارە یادی (١٢٧) ساڵەی رۆژنامەگەری کوردی پیرۆزبێت
ئەنجوومەنی پیشتیوانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان
بروسكەی پیرۆزبایی
بەڕێزان سەندیكای ڕۆژنامەنوسانی كوردستان، ڕۆژنامەنوسان و میدیاكارانی خۆشەویست، بە بۆنەی١٢٧ ساڵەی ڕۆژنامەگەری كوردی، پیرۆزبایی گەرمتان ئاڕاستەدەكەین، پێكەوە خەباتەكەین و تێدەكۆشین تا ڕۆژنامەنوسانی كوردستان بگەنە هیواو ئاواتە بەدی نەهاتووەكانتان، ئێمەش وەك مەڵبەندی ١٢ی ڕێكخستنی چەمچەماڵی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لەسەر هەمان فكر و فەلسەفەی سەرۆك و ڕابەری ڕزگاری خوازی گەلەكەمان، سەرۆك (مام جەلال) بەردەوامەبین كە دەیوت نان و ئازادی بۆ ڕۆژنامەنوسان دەبێت دەستەبەربكرێت، وە داكۆكیكاری ئەو فكرەی سەرۆكەكەمان دەبین،
بۆیە باوەڕی تەواومان بە رۆژنامەگەری ئازاد و رۆژنامەنووسی بوێر هەیە بۆ گەشەكردنی دیموكراسی لە هەرێمی كوردستان، ئەوەش بە میدیای پیشەیی و دەنگە دلێر و ئازادەکان دێتەدی، داواكاریشن هیچ لایەنێك دەست درێژی نەكاتە سەر میدیاو ڕۆژنامەگەری كوردی، دەخوازین ڕۆژنامەگەری كوردی لە ترۆپكی ڕاستگۆی و بوێری ڕۆژنامە جیهانییەكاندا بێت، جارێكی دی پیرۆزبایی گەرمتان ئاڕاستەدەكەین و هیوای سەركەوتن و بەردەوامیتان بۆ دەخوازین.
سەركەوت حسن
ئەندامی سەركردایەتی و
لێپرسراوی مەڵبەندی ١٢ی ڕێكخستنی چەمچەماڵ
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP