ئه‌حمه‌د شه‌رع دژایه‌تیی بۆ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی كۆنفرانسی قامیشلۆ راگه‌یاند

کوردستان
19:21 - 2025-04-27


سەرۆکایەتیی حكومه‌تی راگوزه‌ری سوریا له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا دژایه‌تیی بۆ راگه‌یه‌ندراوی كۆنفرانسی (یەكڕیزیی و یەكهەڵوێستیی كورد له‌ سوریا) كه‌ له‌ شاری قامیشلۆ به‌ڕێوه‌چوو، رایگه‌یاندووه‌، لێدوانی بەشێک لە سەرکردەکانی هەسەدە و داواکردنی فیدراڵی، پێچەوانەی رێککەوتنەکەی نێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵوم عەبدییەو هەڕەشەیە بۆسەر یەکپارچەیی خاکی سووریا.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی سەرۆکایەتیی سوریادا هاتووه‌ كه‌:" نابێت هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) بڕیاری باکور و رۆژهەڵاتی سووریا بۆخۆی قۆرخ بکات و یەکپارچەیی گەل و خاکی وڵاتەکە(سوریا) هێڵی سووره‌و رێککەوتنەکەی ئەحمەد شەرع و مەزڵوم عەبدی، هەنگاوێکی بنیادنەرانەیە، ئەگەر بە رۆحێکی نیشتمانییانەوە جێبەجێبکرێت، دوور لە پرۆژەی جیاکاریی و پەرواێزخستن."

ئه‌وه‌شیخستووه‌ته‌ڕو كه‌:" سەرۆکایەتیی سوریا، هەموو هەوڵێک بۆ سەپاندنی دابەشکاریی و دروستکردنی قەوارەی سەربەخۆ لەژێر ناونیشانی فیدراڵی یان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بەبێ رێککەوتنی نیشتمانیی گشتگیر رەتدەکاتەوە."

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش هاتووه‌ كه‌:" سەرۆکایەتیی سوریا هۆشداریی دەداتە هەسەدە لە پەکخستنی کاری دامەزراوەکانی دەوڵەت لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی بە بێبەشکردنی هاوڵاتییان لە خزمەتگوزارییەکان و قۆرخکردنی سەرچاوە نیشتمانییەکان و بەکارهێنانیان بۆ ئامانجی دابەشکاریی و هەڕەشەکردن لە سەروەریی وڵات وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە."

 باسی له‌وه‌شكردووه‌ كه‌:" نابێت هەسەدە بڕیاری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بۆخۆی قۆرخبکات، کە پێکهاتەکانی عەرەب و کورد و کریستان تیایدا دەژین."

ده‌شڵێت:" مافی کورد وەک مافی تەواوی پێکهاتەکانی دیکەی گەلی سووریا پارێزراوە لە چوارچێوەی دەوڵەتی سووریای یەکگرتوودا و داوا لە هەسەدە دەکات، پابەندی رێککەوتنی نێوانیان بێت و بەرژوەندیی نیشتمانیی باڵا بخاتە پێش هەر بەرژەوەندییەکی دیکەوە."

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP