شێخ جەعفەر شێخ مستەفا: هیوادارم سوریا ببێتە فاکتەرێکی بەهێز بۆ بەرقەراربوونی ئاسایش

کوردستان
16:32 - 2025-04-27


جێگری سەرۆکی هەرێم رایگەیاند: "لەکۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد بە ووڵاتانی جیهان ڕاگەیەندرا نەتەوەی کورد هەمیشە لەگەڵ پرسی ئاشتیدایە و ئاشتیخوازە، هیواشده‌خوازێت سوریا ببێته‌ فاكته‌رێكی به‌هێز بۆ ئاشتیی و سه‌قامگیریی ناوچه‌كه‌"

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێم بەبۆنەی سەرکەوتنی کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد پەیامێکی بڵاوکردەوەو تێیدا رایگەیاند: "بە بۆنەی سەرکەوتنی کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی  کوردانی ڕۆژئاوا و سەرجەم کوردانی پارچەکانی تری کوردستان دەکەم، هەروەها لەو کەس و لایەنانەی، کە پاڵپشتبوون بۆ بەستن و سەرخستنی کۆنفرانسەکە".

"گرنگی بەستن و سەرکەوتنی ئەم کۆنفرانسە مێژووییە لەوەدایە کە بە ووڵاتانی جیهان ڕاگەیەندرا ، نەتەوەی کورد هەمیشە لەگەڵ پرسی ئاشتیدایە و ئاشتیخوازانە هەنگاو بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە دەنێت کە لە ئەنجامی گۆڕانکاریی و ڕووداوە سیاسییەکانەوە دروست دەبن"، شێخ جەعفەر وادەڵێت.

راشیگەیاند: "هیوادارم کار و ڕاسپاردە و بەرنامەکانی ناو ئەم کۆنفرانسە بچێتە نێو چوارچێوەی واقیعێکی سیاسیی و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کار بکرێت بۆ کۆتاییهێنان بە حکومی ڕاگوزەری سوریا و بنیادنانی سوریایەکی نوێ، کە هەموو گەلانی سووریا لەخۆبگرێت و ڕێز لە پەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی بگرێت و ببێتە فاکتەرێکی بەهێز بۆ بەرقەراربوونی ئاسایش و سەقامگیری بۆ ناوچەکە".

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP