تورکیا هەناردەی کارەبا بۆ عیراق ڕادەگرێت

کوردستان
17:33 - 2025-04-25

تورکیا فرۆشتنی کارەبای بە عێراق ڕاگرت کە لە ڕێگەی تۆڕێکی 300 مێگاواتییەوە بۆ عێراقی دەنارد.
هۆکاری ڕاگرتنی فرۆشتنی کارەبا بە عێراق بۆ ئەوە گەڕێنراوەتەوە کە بەغدا بڕێک قەرزی بە تورکیا نەداوەتەوە کە بە زیاتر لە 70 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت؛ هەر بۆیە نزیکەی هەفتەیەکە تورکیا هەناردەکردنی کارەبای بۆ عێراق ڕاگرتووە. ئەمە لە کاتێکدایە عێراق دەیویست هاوردەکردنی کارەبا لە تورکیاوە بۆ دوو هێندە زیاد بکات.
تورکیا پێشتر لە دواخستنی دانەوەی قەرزەکان هۆشداری دابوو بە عێراق و پێی ڕاگەیاندبوو کە پێدانی کارەبا بە عێراق کارێکی خێرخوازی نییە، بەڵکو بازرگانییە و پێویستە بەغدا پارەکە بدات.
ڕاگرتنی هەناردەی کارەبا لە کاتێکدایە، وەرزی گەرما لە عێراق دەستپێدەکات و پێویستیی عێراق بە کارەبا زیاتر دەبێت. هاوکات عێراق تەنیا 60%ـی پێداویستیی ناوخۆی بۆ کارەبا بەرهەم دێنێت و بۆ پڕکردنەوەی بەشـەکەی دیکە پشت بە کارەبای هەرێمی کوردستان دەبەستێت و لە ساڵی ڕابردووشەوە لە تورکیاوە کارەبا هاوردە دەکات.
بە گوێرەی سەرچاوەیەک لە هەرێمی کوردستان کە قسەی بۆ ئاژانسی ئەلمۆنیتەر کردووە، عێراق داوای لە هەرێمی کوردستان کردووە کارەبای زیاتری بۆ بنێرێت و لە نرخەکەشدا داشکانی بۆ بکات.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP

بەپەلە