سوپای توركیا لە ناوچەی برادۆست خاڵی سەربازی دادەنێت و رێگریی لە هاتوچۆی دانیشتوانی ئەو سنوورە دەكات، پارتی کرێکارانی کوردستانیش دەڵێت، سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەست هێرشەكانی توركیا بەردەوامن .
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو سنوورە ڕایگەیاند، سوپای توركیا لە ناوچەی گەروی سیران خاڵێکی سەربازی داناوە و لێپێچینەوە لە دانیشتووانی ناوچەكە و ئەو كەسانە دەكات كە لەو رێگایەوە هاتوچۆ دەكەن.
سوپای توركیا بە دروستكردنی ئەو خاڵە سەربازیە هاتوچۆی دانیشتووانی سنووری دەشتەهێرتی قەزای سیدەکان و گوندەكانی رووبەڕووی كێشە كردووەتەوە، هاوکات، رێگە نادرێت ئۆتۆمبێل لەو ناوچەیەدا هاتوچۆ بكات.
ئەو هەنگاوەی توركیا لە كاتێكدایە، کە لە وەرزی بەهاردا سەدان كەس لە دانیشتووانی گوندەكان سەردانی ئەو ناوچانە دەكەن بە مەبەستی بڕینەوەی گیای بەهارە.
هاوكات ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی پاراستنی گەل “هەپەگە” بڵاوی كردووەتەوە، کە سوپای توركیا لە سێ رۆژی رابردوودا لە چیای جودی و ناوچەی زاپ هێرشی كردووەتە سەر گەریلاکان و بەو هۆیەوە دوو گەریلا گیانیان لەدەستداوە .
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP