لە وەرگرتنى چارەسەرى
کیمیاویەوە بۆ لوتکەى ئەوروپا
هەڵوێست زوهێر
بەشێک لە تۆپی پێدا، بە
تۆمارکردنى زۆرترین گۆڵ دەناسرێنەوە، بەشێکی دیکەش بە دروستکردنى زۆرترین گۆڵ بۆ
هاوڕێکانیان، یاخوود بە وەرگرتنى زۆرترین کارتى زەرد و سوور، بەڵام بێ ئاگا لەوەى
بەشێک لە یاریزانان بە جەنگ لەگەڵ نەخۆشى درێژخایەن، مێژوویەکى ناوازە و تایبەت بۆ
خۆیان دەنوسنەوە.
فرانچیسکۆ ئاتچێربى،
بەرامبەر بە بارسێلۆنا هیواى بۆ ئینتەر میلان گەڕاندەوە، ئاتچێربى یاریزانێک نییە
کە پێکانێکى ئاسانى تێپەڕاندبێ، بەڵکو دوو جار بەسەر نەخۆشى شێرپەنجەدا زاڵ بوە و
توانیوێتى نەخۆشیەکە تێپەڕێنێت، لە ساڵی 2013دا، ئەو کاتەی کە ژیانی وەرزشی تۆپی پێی
یاریزانەکە بەرەو لوتکە هەنگاوى دەنا، تووشی وەرەمێکی شێرپەنجەیی لە گونیدا بوو، نەشتەرگەری
بۆ کرا و بە خێرایی گەڕایەوە بۆ یاریگاکان، هەمووان پێیان وابوو ئەو لاپەڕەیە
داخراو یاریزانەکە هیچ کێشەیەکى نەماوە، بەڵام دوای چەند مانگێک نەخۆشییەکە گەڕایەوە،
توندتر و قورستتر بۆ یاریزانەکە، بۆیە پزیشکەکان وتیان دەبێت چارەسەرى کیمیاوى
وەربگرێت، لە دواى وەرگرتنى چارەسەرەکانیش، قژى دەسى بە هەڵوەرین کرد، ماسولکەکانى
لاواز بوون، دڵتەنگیەکى زۆر یاریزانەکەى داگرتبو، بەڵام کۆڵى نەدا و توانى بەسەر
نەخۆشیەکەیدا زاڵ بێت.
ئاتچێربى بە ورەیەکى
بەرز، بێ ماندوو بوون، بە ئیرادەیەکى بەرزەوە، لەسەر پێیەکانى وەستاو دووبارە لە
ناو جیۆزێپی میاتزا، بەدەنگێکى بەرزو پڕ بە گەرووى هاوارى دەکرد و سروودى چامپیۆنس
لیگى دەوتەوە، بە بێ ئەوەى هەست بەوە بکرێ ئەو یاریزانە لەسەر قەرەوێڵەى نەخۆشخانە
بوە و چارەسەرى کیمیاوى وەرگرتوە، بە بێ ئەوەى هەست بکرێ رۆژانێک فرمێسکى ئازارى
رشتوە، بەڵام جیاواز لە هەمووان هەست بە دۆڕان دەکات و هەست بە هەستانەوەى دواى
نائومێد بوون دەکات.
راستە ئاتچێربى بەرگریکارە، بەڵام وەک هێرشبەرێک
خۆى دەردەخات، خۆ هەر بەڕاست با لە یادى نەکەین، ئەو هێرشبەرى نەخۆشى شێرچەنجەیە،
هێرشبەرى لە ناوبردنى نا ئومێدى و دڵتەنگیەکانە، ئەو لە لوتکەى نا ئومێد بونەوە،
گەڕایەوە بۆ لوتکەى ئومێد بەخشین، وانەیەکى جوانى بە هەمووان وتەوە، بە هەمووانى
وت، هیچ کاتێک گەڕانەوە مەحاڵ نییە، بۆیە دەبێت بجەنگین، کۆڵ نەدەین و ئامانجان
هەبێت، لە دواى گەڕانەوەشت بۆ سەر سەرکەوتنەکات، رۆژە ناخۆشەکان تێدەپەڕن و دەبن
بە یادگارى و ئیلهام بەخش بۆت.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP