قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی
هەرێمی كوردستان، پیرۆزبایی لە پەروین بوڵدان دەكات، بەبۆنەی دەستنیشانكردنی بە جێگری
سەرۆكی پەرلەمانی توركیا و رایگەیاند: "دڵنیام لەم ئەركە نوێیەدا رۆڵی گرنگتر
دەبینن لە سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتی و دابینكردنی مافەكانی گەلی كورد لە توركیا".
دوابەدوای كۆچی دوایی سری سورەیا ئۆندەر، جێگری
سەرۆكی پەرلەمانی توركیا، لە 3ی ئایاری 2025، پارتی یەكسانی و دیموكراتی گەلان، پەروین
بوڵدان، پەرلەمانتاری وان-ی وەك جێگری نوێی سەرۆكی پەرلەمانی توركیا هەڵبژارد، بەو
بۆنەیەوە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پەیامێكی
پیرۆزبایی ئاڕاستەی پەروین بوڵدان دەكات كە ئەمە دەقەكەیەتی:
دەقی پەیامەكە:
بەڕێز خاتوو پەروین بوڵدان، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی
توركیا
بەبۆنەی دەستنیشانكردنتان بە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی
توركیا پیرۆزباییتان لێ دەكەم.
بەگرنگییەوە دەڕوانینە هەوڵەكانتان وەك كەسایەتییەكی
تێكۆشەری سیاسی و پەرلەمانی كە بەردەوام هەوڵی باشتر چەسپاندنی بنەماكانی دیموكراسی
و برایەتی و پێكەوەژیان و رەخساندنی ئاشتی و دادپەروەری دەدەن.
هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم و دڵنیام لەم ئەركە
نوێیەدا رۆڵی گرنگتر دەبینن لە سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی و دابینكردنی مافەكانی گەلی
كورد لە توركیا.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP