لەدواى هێرشەکانى
ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران نرخی نەوت بەرز بۆوە.
ئەمڕۆ دووشەممە نرخی نەوت لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی
ئاسیا نزیکەی دوو دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە بەرزترین ئاستی لە ماوەی پێنج مانگی
رابردوودا.
نرخی نەوتی برێنت، لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕەکانی
جیهان لەم هەفتەیە دا دوو دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە 79 دۆلار و 30 سەنت، هەرچەندە
دوای چەند کاتژمێرێک کەمێک لە قازانجەکانی لەدەستدا و ئێستا بە نزیکەی 78 دۆلار و
50 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
نرخی
نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش دۆلارێک و 90 سەنت بەرزبووەوە و گەیشتە 75 دۆلار و
80 سەنت.
بەرزبوونەوەی
بەرچاوی نرخی نەوت لە دوای هێرشی رۆژی یەکشەممەی ئەمریکا دێت کە سێ دامەزراوەی ئەتۆمیی
سەرەکی ئێرانی کردە ئامانج.
چاودێرانى
بازاڕی نەوت پێیانوایە، ئەگەری بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی نەوت هەیە. بەتایبەتی نیگەرانی
هەیە ئێران وەک کاردانەوە بەرامبەر هێرشەکانی ئەمریکا گەرووی هورمز دابخات کە 20٪ـی
نەوتی جیهانی پێدا دەگوازرێتەوە.
جگە
لە ئەگەری داخستنی گەرووی هورمز، ئەگەری بە ئامانجکردنی دامەزراوە نەوتییەکانی ئێران
لەلایەن ئیسرائیلەوە دەبێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی نەوت.
گۆڵدمان
ساکس لە نوێترین راپۆرتیدا رایگەیاندووە نرخی نەوت دەتوانێت تاوەکو 110 دۆلاریش بەرزبێتەوە،
ئەگەر هاتووچۆی کەشتییە نەوتییەکان لە گەرووی هورموز بۆ ماوەی یەک مانگ، بۆ نیو هێندە
دابەزێت یان ئەگەر لە ماوەی 11 مانگی داهاتوودا هاوتووچۆی کەشتییەکان بە رێژەی 10٪
کەمبێتەوە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP