جەنگی12 رۆژه‌ی نێوان ئێران و ئیسرائیل زیاتر له‌ 6 هه‌زار قوربانی بوو

جیهان
19:04 - 2025-06-24


جەنگی 12 رۆژه‌ی نێوان ئێران و ئیسرائیل، زیاتر لە شەش هەزار و 638 قوربانی لێكەوتەوە، لەو ژمارەیەش لە هەردوو وڵات 638 كەس كوژراون و زیاتر لە شەش هەزار كەسیش بریندار بوون.

وەزارەتی تەندروستیی ئێران ئەمڕۆ 24ی6ی2025، نوێترین ئاماری قوربانیانی جەنگی نێوان ئیسرائیل و وڵاتەكەی بڵاوكردەوە و بەگوێرەی ئامارەكەش، لانیكەم 610 كەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە چوار هەزار و 700 كەسیش برینداربوون.

راشیگەیاندووە: "لەناو كوژراوەكاندا 13 منداڵ هەن كە بچووكترینیان منداڵێكی ساوای دوو مانگانە، ئەمە جگە لەوەی پێنج پزیشك و كارمەندی تەندروستیی لە هێرشەكانی ئیسرائیل-دا كوژراون".

هاوكات حوسێن كرمانپوور وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئێران لە پلاتفۆرمی ئێكس، رایگەیاندووە: "ژمارەی كوژراوان و بریندارانی ئێران كە پێنج هەزار و 310 كەسن، تەنها قوربانیانی مەدەنی دەگرێتەوە".

ئەم وتانەی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئێران لە كاتێكدایە، كە ئێران لە یەكەم رۆژی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆسەر وڵاتەكەی، دەیان فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران و شەش زانای ئەتۆمی لەدەستدا.

وەزارەتی تەندروستی ئێران ئەوەشی خستووەتەڕوو: "بەهۆی بۆردومانەكانی ئیسرائیلەوە، حەوت نەخۆشخانە و نۆ ئەمبوڵانس زیانیان بەركەوتووە".

لەلایەكی دیكەوە دەزگای فریاگوزاریی ئیسرائیل رایگەیاندووە: "لە جەنگەكەیان لەگەڵ ئێران، 28 كەس كوژراون و زیاتر لە هەزار و 300 كەسیش بریندار بوون".

  بەرەبەیانی رۆژی هەینی 13-6-2025، ئیسرائیل بە ئۆپەراسیۆنی (شێری راپەڕیو)، بە بەشداریی نزیكەی 200 فڕۆكەی جەنگی، هێرشێكی بەرفراوانی كردە سەر زیاتر لە 200 ئامانج و بنكەی ئەتۆمی و سەربازیی ئێران، كە بووە هۆی كوژرانی دەیان فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران و شەش زانای ئەتۆمی ئەو وڵاتە، لە بەرامبەردا، ئێران ئۆپەراسیۆنی (بەڵێنی راست 3) ی راگەیاند و بە چەندین زنجیرە هێرشی مووشەكی وەڵامی دایەوە، ئەمڕۆش 24ی حوزەیرانی 2025 كۆتایی بە جەنگی نێوان ئەو دوو وڵاتە هات كە جگە لە زیانی گیانی زیانێكی بەرچاوی ئابووری و وێرانبوونی ژێرخانی هەردوو وڵاتی لێكەوتەوە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP