سەرۆککۆماری عێراق سەردانی هەڵەبجە دەکات

کوردستان
10:36 - 2025-07-23

د.لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە سەردانی پارێزگای هەڵەبجە دەکات. نوێنەرێکی پارێزگاى هەڵەبجە لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، بۆ پیرۆزبایی بە پارێزگاکاکردنی هەڵەبجە دێت.
چرۆ حەمەشەریف، نوێنەری پارێزگای هەڵەبجە لە پەرلەمانی عێراق، راگەیاند: کاژێر 11ی پێشنیوەڕۆی چوارشەممە لە مۆنۆمێنتی هەڵەبجە پێشوازی لە سەرۆککۆمار دەکەن، دواتر تاجەگوڵینە لەسەر مەزاری شەهیدان دادەنێت و بەرەو پارێزگا بەڕێدەکەوێت و لەوێ دیدار و کۆبوونەوەی دەبێت.
چرۆ حەمەشەریف، ئاماژەی بەوەکرد، ئامانجی سەرەکی سەردانەکەی سەرۆککۆمار بۆ پیرۆزباییکردنە لە خەڵکی هەڵەبجە بەبۆنەی بوونە پارێزگا، بەتایبەتی ئەمەش دواى ئەوەى دادگای باڵای فیدراڵی عێراق سکاڵای دژی بە پارێزگاکردنی هەڵەبجەی رەتکردەوە. 
ڕۆژى سێشەممە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆی بڵاویكردەوە، کە دوو سكاڵای پەیوەندیداری بە یاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەی رەتكردووەتەوە، کە سکاڵاکارەکان داوای بە نادەستووری دانانی یاساکەیان کردبوو.
رۆژی 14ـی نیسانی 2025، پەرلەمانی عێراق، بە ئامادەبوونى 187 ئەندام پرۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەی پەسندکرد. رۆژی 29ی نیسانی 2025، سەرۆککۆمار واژۆی لەسەر یاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە کرد.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP