د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق و شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عێراق، بەسەردانێک گەیشتنە پارێزگای هەڵەبجە.
مەبەست لەسەردانەکەش گەیاندنی پیرۆزباییە بە خەڵکی هەڵەبجە بەهۆی بەپارێزگابوونی شارەکەوە، هاوکات پشتیوانی خۆیان بۆ ئیمتیازاتەکانی یەکە ئیدارییەکانی پارێزگاکە و خەڵکی شارەکە دووپاتدەکەنەوە.
سەردانەکەی سەرۆککۆمار و خانمی یەکەمی عیراق بۆ هەڵەبجە لەکاتێکدایە، کە دوێنێ لەسەر داوای چەند پەرلەمانتارێکی عیراقیی، دادگای فیدراڵی کۆبووە و ئەو سکاڵایانەی رەتکردەوە کە دژی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە تۆمارکرابوون.
رۆژی 14ی 4ی 2025، پڕۆژەیاسای بەپارێزگابووونی هەڵەبجە لەدانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا تێپەڕێندرا و هەڵەبجە بووە 19 هەمین پارێزگای عیراق، هاوكات رۆژی 29ی4ی2025 د.
لەتیف رەشید سەرۆككۆماری عیراق، ئیمزای لەسەر یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە كرد و رۆژی 5ی 5ی 2025، یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە لە رۆژنامەی وەقائیعی عیراقیدا بڵاوكرایەوە.
لەلایەكی دیكەشەوە، رۆژی 13ی 3ی 2014 هەڵەبجە بە رەسمی لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە وەك چوارەم پارێزگای كوردستان ناسێندرا و بووە چوارەم پارێزگا لەدوای هەولێر و سلێمانی و دهۆك.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP