کاروان یاروەیس بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لە
ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق راگەیاند:"بڕیاری ژمارە (20052) لەرۆژی 16ی7ی2025 لەبارەی بەقەزاکردنی ناحیەی
قەرەتەپە سەرپێچیەکی ئاشکرای دەستور و یاسا بەرکارەکانی عیراقەو دژی سازانی سیاسی
و پێکەوەژیانی پێکهاتەکانی سنوورەکەیە".
وتیشی: لەچەند رۆژی
رابردوودا، هەوڵەکانمان لە ناحیەی کۆکس و سەردانی کردنی مەیدانی و نارەزایی خەڵک و
ئیدارات و لایەنە سیاسیەکانی سنورەکە و کۆکردنەوەی پشتیوانی 105 پەرلەمانتار و
سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانی و عیراقیەکان و ئاراستەکردنی یاداشتێک بۆ
سەرۆکایەتیەکانی عیراق، توانرا ناحیەی کۆکس و کوڵەجۆی زەنگاباد لەپیلانەکە دەربکەین.
ئاماژەی
بەوەشکرد:"حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عیراق لە دوای پەسەندکردنی دەستور لە
2005 نەک مەبەستیان نەبووە مادەی 140 جێبەجێ بکەن کەچی ئێستا بەپێچەوانەوە پێشێلی
دەکەن".
ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی
روونیشکردەوە:"ئەگەر بەقەزابوونی قەرەتەپە بچێتەسەر بۆ عەرەبی سوننە و
دەستکاری باری دیمۆگرافی و جوگرافی و ئیداری ناوچەکانی مادەی 140 بکرێ ئەوە
لەداهاتوودا مەترسی گەورەتر لەسەر چارەنوسی ئەو ناوچانە و کورد دروست دەبێت".
لە کۆتایشدا، بڕیاردەری فراکسیۆنی
رایگەیاند:"هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە لەهەوڵەکانمان بەردەوام دەبین چۆن
کۆکس و کوڵەجۆمان دەرهێنا لەناو پیلانەکە ئاواش دەبێ کۆی پیلانی بەقەزاکردنی
قەرەتەپە هەڵوەشێنینەوە".
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP