پەرلەمانتارێكی یەكێتی 22 گەنج كه‌ له‌ وڵاتێكی عه‌ره‌بی گیریانخواردبو دەگەڕێنێتەوە هەرێم

کوردستان
16:05 - 2025-07-27



پەرلەمانتارێكی یەكێتی 22 گەنجی دانیشتووی دەڤەری راپەڕین دەگەڕێنێتەوە هەرێمی كوردستان، كە لەلیبیا گیریانخواردبوو، دەیانویست بە رێگای ئاوی خۆیان بگەیەننە سنوورەكانی ئیتاڵیا.

غەریب ئەحمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی یەكێتی رایگەیاند: "بەهۆی هەوڵە بەردەوامەكانمان لە ماوەی رابردوودا توانیمان زیاتر لە 22 گەنجی هەرێمی كوردستان كە زۆربەیان دانیشتووی دەڤەری راپەڕینن و لە وڵاتی لیبیا گیریانخواردبوو، بیانگەڕێنینەوە بۆ هەرێمی كوردستان".

غەریب ئەحمەد دەڵێت:"ئەو گەنجانە ماوەی نزیكەی مانگێك بوو بێهەواڵ بوون و پاش ئەوەی خانەوادەكانیان ئاگاداریانكردینەوە كە نەوەكانیان لە وڵاتی لیبیا بێسەروشوێن بوون، راستەوخۆ لەگەڵ باڵیۆزی عیراق لە لیبیا كەوتینە گفتوگۆ و توانیمان لە ماوەیەكی كەمدا سەرجەمیان بدۆزینەوە و بیانگەڕێنینەوە بۆ ژێر دەسەڵاتی پۆلیسی فیدراڵی ئەو وڵاتە" 

ئه‌و پەرلەمانتارەی یەكێتی راشیگەیاند: "لە ئێستادا بەشێك لەو گەنجانە گەیشتوونەتەوە هەرێمی كوردستان و بە خانەوادەكانیان شادبوونەتەوە، هاوكات ئەو ژمارە كەمەشیان كە ماون رێكارە یاساییەكانیان تەواو بووە و لە چەند رۆژی ئایندەدا دەگەڕێنەوە بۆ هەرێمی كوردستان".

لە بەرامبەر ئەم كارەشدا، خانەوادەی گەنجەكان سوپاسی پەرلەمانتارەكەی یەكێتی دەكەن و هەوڵەكانی بۆ ئازادكردنی نەوەكەنیان و گەڕاندنەوەیان بۆ خاكی هەرێمی كوردستان بەرز دەنرخینن.

ماوەیەكە بەشێك لە گەنجانی هەرێمی كوردستان بۆ گەیشتنیان بە وڵاتانی ئەوروپا رێگەیەكی مەترسیدار دەگرنەبەر و دەچنە وڵاتی لیبیا و پاشان دەیانەوێت بە رێگەی ئاوی خۆیانبگەیەننە سنوورەكانی ئیتاڵیا، لە بەرامبەر ئەم كارەشدا پەرلەمانتارەكەی یەكێتی جەخت لە مەترسی رێگاكە دەكاتەوە و ئاماژە بەوەدەكات: "لەگەڵ ئەوەی رێگە ئاوییەكە مەترسی زۆری تێدایە، هاوكات بارودۆخی لیبیاش بۆ گەشتكردن گونجاو نییە و پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان رێگاچارەیەك بۆ كۆچی نایاسایی گەنجان بگرێتەبەر".

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP